سەرۆکی هەرێم میحوەرەکانی دیجلە، خازر، باشیک و بەنداوی موسڵ بەسەر کردەوە
لەو بەسەرکردنەوەیەدا سەرۆکی هەرێم لەلایەن بەرپرسی میحوەرەکان و فەرماندە مەیدانییەکانی پێشمەرگەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا. مەسعود بارزانی سەنگەرەکای پێشمەرگەی بەسەر کردەوە و پیرۆزبایی جەژنی لە فەرماندە و پێشمەرگەکان کرد و ڕایگەیاند: هاتووم جەژنە پیرۆزەتان لێ بکەم و بە فەرزم زانی لە جەژندا لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکان بم.
مەسعود بارزانی هەروەها داوای لەهێزی پێشمەرگە کرد بەوریاییەوە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی کوردستان جێبەجێ بکەن و نابێ ململانێی حزبەکان کاریگەریی لەسەر پێشمەرگە هەبێت، چونکە بوونی ململانێی سیاسی لەناو لایەنەکان ئاساییە و ئەو ململانییە هەرچۆنێک بێت قسەی کۆتایی بۆ گەل دەبێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند: "ئەوانەی باسی دووئیدارەیی دەکەن دیارە پەند لە مێژوو وەرناگرن، ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی گەلەکەمان بۆ ئەوە نەبووە کوردستان دابەش بکرێت و نابێ بەخەیاڵیش بیری لێ بکرێتەوە و کەس ناتوانێ هەرێمی کوردستان لەت بکات و ئەوەی بە یەک ئیدارەیی و یەکگرتنەوەی کوردستان قایل نییە ئازادە لەوەی شوێنێکی تر بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت."
بارزانی ڕاشیگەیاند: زۆر سەیرە لەکاتێکدا دەرفەتی زێڕین بۆ کورد ڕەخساوە بۆ سەرکەوتن بەرەو لوتکە، کەسانێک هەبن باسی دوو ئیدارەیی بکەنەوە، دڵنیاشم خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەوانە دەداتەوە.
بارزانی هەروەها تەئکیدی کردەوە: "مەینەتی و قوربانیدانی گەلەکەمان بە درێژایی مێژوو بۆ ئەوە نەبووە کورد پاشکۆ و ژێر دەستە بێت، دوژمنانی گەلەکەمان دەستیان لەهیچ تاوانێک نەپاراستووە و هەرچییان پێ کرابێت کردوویانە بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن، بۆیە ناکرێت چیدیکە گەلی ئێمە لەو مەینەتییانەدا بژیت و بە ئاگری خەڵکی تر بسووتێت. دەبێ بڕوامان بەخۆمان بێت و گەلەکەمان لەو مەینەتییانە ڕزگار بکەن، نابێ غەدر لە قوربانیدانی گەلەکەمان بکەین، ئێمە لەنێوان سەربەخۆیی و پاشکۆبوونداین و هەرگیز پاشکۆبوون هەڵنابژێرین."
سەرۆکی هەرێم هەروەها ڕایگەیاند: بەرلەوەی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ بەڕێوە بچێت پێویستە دڵنیایی بدرێتە پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە کە ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکەیاندا دەبێت و جارێکی تر تووشی نەهامەتی نەبنەوە و نەچەوسێندرێنەوە.
لە درێژەی سەردانەکەیدا مەسعود بارزانی سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە بەنداوی موسڵ کرد و وێڕای جەژنە پیرۆزە و دەستخۆشیی لە پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ پاراستنی ئەو بەنداوە، ڕێنماییشی دا بە فەرماندەکان کە ئاسانکاریی پێویست بۆ تیمەکانی چاککردنەوە و تیمە تەکنیکییەکان بکەن بۆ ئەوەی کاری چاککردنەوەی پێویست لە بەنداوەکە ئەنجام بدرێت.
