تورکمانەکان داوای پۆست لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت دەکەن
ئایدن مەعرووف، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە بەرەی تورکمانی راگەیاند:"نەتەوەی تورکمانی وەکو نەتەوەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەبێت".
ئایدن مەعرووف گوتی:" هەتا ئێستا بە فەرمی هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە، بەڵام پێناچێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم داوایەی تورکمانەکان رەتبکاتەوە، چونکە لە رابردوودا مەسعود بارزانی، خۆی داوای ئەوەی کردبوو کە جێگرێکی سەرۆککۆماری عێراق بدرێتە نەتەوەی تورکمان".
ماجد عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی هەولێری تورکمانی راگەیاند:" داوامان کردووە پۆستی نەتەوەی تورکمان لە هەردوو سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت لە دەستووردا بچەسپێنرێت، چونکە ئەوە ئیستحقاقی خۆمانە".
ماجد عوسمان گوتی "سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە زارەکی پاڵپشتی ئەم داواکاریانەمان بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵام نەدراوینەتەوە".
نەتەوەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان 5 کورسی کۆتای بۆ تەرخان کراوە و کورسییەکانیش بەسەر چوار لیستدا دابەشکراون.
رووداو
