" بەرپرسانی ئێران ڕەتیانكردوەتەوە ناوچەكانی هەرێمیان تۆپباران كردبێت"
سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە ڕۆژی چوارشەممە تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 20 گولـلە تۆپیان ئاڕاستەی سنوری نێوان هەردوو گوندی (سیامێو و كانی سێف)ی سەر بە ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن كردوەو بەهۆیەوە ڕووبەرێكی زۆر لە پوش و پاوان سوتاوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی لێبكەوێتەوە.
لای خۆیەوە نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ڕایگەیاند: لەسەر تۆپبارانكردنی ئەو گوندانە پەیوەندی بە بەرپرسانی ئێرانەوە كردوەو پێیانڕاگەیاندوە، ئەوەی ڕویداوە تۆپبارانكردن نەبوە، بەڵكو مەشق و ڕاهێنانی سەربازی سوپای پاسداران لە ناوچەكە بووە.
هاوكات هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز ڕایگەیاند: ئەوە بۆ جاری یەكەمە تۆپخانەكانی ئێران لەمساڵدا، ئەو ناوچانە بۆردومان بكات، لە كاتێكدا لەساڵانی ڕابردودا چەندین جار بەبیانوی بونی هێزی پژاك بۆردومانی ئەو گوند و ناوچانە كراوە.
