فراكسیۆنی پارتی پێدانی چه‌ك به‌ په‌رله‌مانتاران ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

فراكسیۆنی پارتی پێدانی چه‌ك به‌ په‌رله‌مانتاران ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت:" ئەو چەک و پیداویستییە سەربازیانەی کە لەلایەن سکرتێری پەرلەمانی کوردستانەوە داوا کراوە بۆ پەرلەمانتاران، رەتدەکەینەوە و وەریناگرین".

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ١٤-ی تەمووز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: " بەداخەوە لەو کاتەدا کە پێشمەرگە قارەمانەکان لەبەرەکانی شەڕدان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و پێویستییان بە چەک و پێداویستی سەربازییە، بە واژووی سکرتێری پەرلەمان داوای چەک و پێدوایستی سەربازی دەکرێت بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان".

ئومێد خۆشناو گوتی:" بە واژووی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە بۆ پێدانی 111 چەکی کلاشینکۆف، 111 دەمانچە، 13 هەزار و 200 گولـلەی کڵاشینکۆف، 444 مەخزەنی دەمانچە و سێ هەزار و 300 فیشەکی دەمانچە، کە بەداخەوە وەزارەتی پێشمەرگەیش رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە".
بە گوتەی ئومێد خۆشناو:" ئەو پێداویستییە سەربازیانەی کە سکرتێری پەرلەمان داوای کردووە بڕی نیو ملیۆن دۆلاری تێدەچێت کە ئەوە دەچێتە خانەی ئیمتیازات بۆ پەرلەمانتاران".
Top