ته‌نیا ئه‌م دوو جۆره‌ی به‌نزین پشكنینیان بۆ ده‌كرێت
بێسه‌ره‌و به‌ره‌یی
د. غالب محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و سامانه سروشتییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به خه‌ندانی راگه‌یاند: له سلێمانی دوو جۆر به‌نزین هه‌یه، بازرگانی و حكومی، ئه‌وه‌ی حكومییه‌كه به 700 دیناره، به‌ڵام بێسه‌ره‌و به‌ره‌یی له نرخی به‌نزینی بازرگانیدا له‌م پارێزگایه به‌دیده‌كرێت، یه‌كێك لیترێك ده‌داته هه‌زار دینار یه‌كێك به هه‌زار و 100 و یه‌كێك به هه‌زار و 50، ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیاندا نییه.
راشیگه‌یاند: وه‌ك لیژنه‌كه‌یان بڕیاریانداوه پارێزگاری سلێمانی و جێگره‌كه‌ی بانگ بكه‌ن بۆ لیژنه‌كه‌یان و له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
وتیشی: "وه‌ك خۆم له‌گه‌ڵ بازرگانیكردنی به‌نزین نیم، چونكه چۆن ده‌رمان له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دابه‌شده‌كرێت و له ده‌رمانخانه وه‌ریده‌گریت، ئه‌و ماده‌یه‌ش كه به‌نزینه ده‌بێت له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بدرێت به هاوڵاتیان و كۆنتڕۆڵی به‌ده‌ست هاوڵاتیانه‌وه بێت نه‌ك بازرگانه‌كان، چونكه ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست بازرگانه‌كان بێت ئه‌وكات ئه‌وان ده‌توانن ته‌حه‌كوم به هاوڵاتیان و حكومه‌ته‌وه بكه‌ن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری سلبی له‌سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی هه‌رێم ده‌بێت".
به‌نزینی ده‌به
له‌دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین جارێكی دیكه به‌نزین فرۆشتن به‌ده‌به له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌ستیپێكرده‌وه، ئێستا زۆربه‌ی شه‌قامه‌كان ده‌به فرۆشی به‌نزینی لێ به‌دیده‌كرێت، ئه‌م به‌نزینه كوالێتی كۆنتڕۆڵ نایگرێته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانی سلێمانی به خه‌ندانی راگه‌یاند: ئه‌وان ته‌نها پشكنین بۆ به‌نزینی حكومی و به‌نزینی بازرگانی ده‌كه‌ن، به‌نزینی ده‌به‌كان لای ئه‌وان نییه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه راشیگه‌یاند: لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ت ده‌بێت سه‌ردانیان بكه‌ن و له كوالێتی به‌نزینه‌كه بكۆڵنه‌وه.
له ئێستادا جگه له به‌نزینی حكومی كه لیتری به 700 دیناره‌و بڕێكی كه‌می ده‌گاته شۆفێران، چه‌ندین به‌نزینخانه‌ی بازرگان‌یش كراونه‌ته‌وه كه ههریههیان به نرخێك به‌نزین ده‌فرۆشێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌نزینی ده‌به‌ش هه‌یه كه هیچ پشكنینێك بۆ كوالێتی به‌نزینه‌كه‌ی ناكرێت.
xendan
