حكوومه‌ت لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رِه‌تكرده‌وه‌

حكوومه‌ت لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رِه‌تكرده‌وه‌
ده‌رباره‌ی لێدوانێكی به‌رِێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات گوایه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جیاوازی له‌ نێوان پارێزگاكاندا ده‌كات و هه‌ندێ خزمه‌تگوزاریی باشتر پێشكه‌ش به‌ پارێزگاكانی دیكه‌ ده‌كات.

به‌رِێز سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ ته‌واوی رِه‌تی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان پارێزگاكاندا بكات و رایگه‌یاند: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو خه‌ڵك و ناوچه‌ جیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازی له‌ نێوان پارێزگاكاندا ناكات، به‌ڵكوو به‌ یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو پارێزگاكان ده‌كات و به‌ یه‌ك ئاست و به‌ یه‌كسانیش، خزمه‌تگوزارییه‌كان پێشكه‌ش به‌ پارێزگاكان ده‌كات.
به‌رِێز دزه‌یی هه‌روه‌ها گوتی: لێدوانی به‌و جۆره‌ و هێنانه‌وه‌ی به‌هانه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی گوایه‌ حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان جیاوازی له‌ نێوان پارێزگاكاندا ده‌كات، زاده‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ترسناكه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ و جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ مه‌ترسیی له‌تبوونه‌وه.
بۆیه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك بیركردنه‌وه‌ و لێدوانێكی له‌و جۆره‌‌ رِه‌تده‌كاته‌وه‌ و سلێمانی وه‌ك پایته‌ختی رِۆشنبیری، به‌شێكی دانه‌برِاوی هه‌رێمی كوردستانه‌ و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌.

به‌رِێز دزه‌یی هه‌روه‌ها به‌بیری هێنایه‌وه‌ كه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای رِێژه‌ی دانیشتوانی پارێزگاكان ته‌رخان ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش سالآنه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند كراوه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌ش كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن، له‌ ساڵی دووهه‌زار و سێ وه‌ تا ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ له‌ هه‌موو بواره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی، كاره‌با، ئاو، ئاسایش و چه‌ندین خزمه‌تگوزاریی دیكه‌شدا، یارمه‌تیی ئه‌و ناوچانه‌ بدات.
Top