وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئاوارەکانەوە دەرکرد

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئاوارەکانەوە دەرکرد
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیارێکی نوێی بڵاوکردەوە کە بەپێی بڕیارەکە هەر ئاوارەیەک لە پێنج ساڵ زیاتر لە هەر شارێک بمێنێتەوە، دەتوانێت ناسنامەو فۆرمی خۆراک بگوازێتەوە بۆ ئەو شارە.

لەبەرامبەردا قایمقامی کەرکووک رەخنە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەگرێت و دەڵێت:" بڕیارەکە هەوڵێکی نوێیە بۆ دووبارە تەعریب کردنی کەرکووک و بە تووندی دژی دەوەستینەوە".



بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی" هەر ئاوارەیەك پێنج ساڵ لە شارێك بمێنێـەوە دەتوانێت ناسنامە و فۆرمی خۆراكی بگوازێـتەوە ئەو شارە، لەكەركووك بەدەیان هەزار فەرمانبەر هەیە كەخەڵكی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن ئەوانیش دوای سێ ساڵ مانەوەیان لەم شارە دەتوانن ببن بەكەركووكی".

ئەم نوسراوەی وەزارەتی ناوخۆ بەدڵێ‌ ئاوارەكانی كەركووكە كەژمارەیان9 هەزار كەس زیاترە بۆیە داوا دەكەن ئەو پێنج ساڵەی بۆیان دیاریكراوە كەم بكرێـتەوە.

باسم عوبێد، خەڵكی ئەنبار دەڵێت:" ئێمە هیوا خوازین لەهەر شوێنێك ئارامە بمێنینەوە، كەركووكیش ئارامە و ئاسایشی تێدایە، پێمانخۆشە بمێنینەوە بەڵام ئەو پێنج ساڵە زۆرە پێویستە حكومەتی عێراقی بۆ دووساڵ كەمی بكاتەوە".

ئیدارەی كەركووك ئەو بڕیارە بە هەوڵێكی نوێ بۆ دووبارە تەعریب كردنی كەركووك دەزانێت و بەتووندی دژی دەوەستێتەوە.

كامل ساڵەیی، قایمقامی كەركووك دەڵێت" لەدوای پرۆسەی رزگاری عێراقەوە خەڵكێكی زۆر هاتوەتە ناو كەركووك ئێستا زیاتر لە 9 هەزار كەسی ئاوارە هاتوەتە كەركووك، بۆیە بەهەموو شێوەیەك ئەم نوسراوە رەتدەكەینەوە و نابێت لەكەركووك جێبەجێ‌ بكرێت تاوەكو ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێت".

بەپێی نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئۆفیسەكانی ماددەی 140 لەجیاتی ئاسایی كردنەوەی رەوشی كەركووك دەبێ كار بۆ گواستنەوەی ناسنامە و فۆرمی خۆراكی ئەو ئاوارانە بكات كە لە كەركووك نیشتەجێ‌ بوونە.

كاكەڕەش سدیق، سەرۆكی ئۆفیسی ماددەی 140 رایگەیاند:" ئەم نوسراوە بۆ كەركووك مەترسیدارە و دەكرێت ئەم كارە ژێر بەژێر ئەنجام بدەن بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ لێژنەی ئەمنیی و ئیدارەی كەركووك، بۆیە دەبێت ئێمە چاودێرمان هەبێت و ئەنجوومەن و ئیدارەی كەركووكیش چاودێریان هەبێت، لەبەر ئەوەی لایەنە خراپەكەی ئەم نوسراوە كاریگەری لەسەر كەركووك دەبێت و دەچێتەوە رێچكەی سیاسەتی تەعریب كردنی شارەكە".

هەرچەند عەرەبی هاوردە لەسەردەمی حیزبی بەعس 10 هەزار دینار بۆ هاتنیان و لە سەردەمی دوای بەعسیش 20 ملیۆن دیناریان بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان وەرگرتووە، كەچی هێشتا زۆربەیان لە كەركووك ماونەتەوە.























رووداو
Top