فازڵ میرانی: لەجیاتی کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی هەوڵی کۆبوونەوەی هەموو لایەنەکان دەدەین.. پێمان باشە ڕێژەی كۆتاكان زیاد بكرێت
دهسپێك
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی) لە دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵ باسی لە سەردانی شاندی دانوستاندكاری پارتی بۆ لای حزب و لایەنەكانی سیاسی و دەرئەنجامی دیدارەكان دەكات. (میرانی) لەو باوەڕەدایە كە پێویستە لە جیاتی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، كۆبوونەوەی هەموو لایەنەكانی سیاسی بكرێت و بەو جۆرە سازان لەسەر پرسەكانی سیاسی كوردستان بكرێت. ههڵبهت میرانی بە دوارۆژی هەرێم ئومێدوارە بەڵام دەڵێت ئەوە بەندە بە هێزی خۆمان و چارەكردنی كێشەكانی نێوخۆیی.
(فازڵ میرانی) لەو دیدارەدا هەروەها ڕەخنە لە وڵاتانی عەرەبی دەگرێت كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا هیچ یارمەتییەكی سەربازی هەرێم-یان نەداوە و بۆ توركیایش پێی وایە هاوشێوەی مەشقپێكردن بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەتوانێت یارمەتی هەرێمی كوردستان بدات.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی میوانداری تیمی ڕۆژنامەوانی ئاژانسی ئانادۆڵوی كرد و ئامادەیی خۆی نیشان دا كە وەڵامی دانە بە دانەی پرسیارەكان بداتەوە. ئەوە بە پێكەنینەوە گوتی: "لە قۆناغەكانی خوێندنیشدا هیچ كاتێك كە تاقیكردنەوە نەترساوم و ئازادن لە هەر پرسیارێك كە بە پێویستی دەزانن ڕوون بكرێتەوە."
میرانی لەدایكبووی ساڵی ١٩٤٨ـە لە شارۆچكەی زومماری سەر بە پارێزگای نەینەوا. شارەكەی ئەو بۆ ماوەیەك لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش داگیر كرا. ئەو لە ساڵی ١٩٦٦ بووەتە ئەندام لە پارتیی دیموكراتی كوردستان و پلەكانی حزبی قۆناغ بە قۆناغ بڕیوە و شارەزایی لە زمانەكانی عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و توركیدا هەیە و بەشی یاسای لە زانكۆی سەلاحەدین تەواو كردووە.
بهسازان كۆكن
(فازڵ میرانی) لە سەرەتادا باسی لە سەردانی شاندی دانوستانكەری پارتەكەی بۆ لای لایەنەكانی سیاسی كوردستان كرد كە حەفتەی ڕابردوو بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ئەنجام درا. میرانی وێڕای ڕەخنەگرتن لە كرداری چوار لایەنەكەی كوردستان (یەكێتیی نیشتمانی، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) كە لە 23ی حوزەیرانی ڕابردوو پڕۆژەیەكیان لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە پەرلەمان كرد، باس لەوە دەكات كە ئێستا لە دوای دیدارەكان لایەنەكان لەسەر چارەسەری كێشەكان بە 'سازان' كۆكن.
فازڵ میرانی لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو پڕۆژەیەی كە لایەنەكان پێشكەشیان كرد دەرچوون بوو لە سازانی نیشتمانی كە هەموو لایەنەكان پێشتر لەسەری ڕێككەوتووین. ئێمە تا ئێستا هەرچی كردوومانە بە سازان كردوومانە، هەم لە ئاستی عێراق و هەم لە ئاستی هەرێمی كوردستان. لەو بارەوە گرنگیمان بە دەنگی كەمینە و زۆرینە نەداوە كە ئێمە زۆرینەی دەنگەكانیشمان هەبوو. جەنابی سەرۆك بارزانی بەر لەوەی سەردانی دەرەوە بكات لەگەڵ پارتەكان كۆبووە و داوای لێكردن ئەو دوو پرسەی دەستوور و سەرۆكایەتی هەرێم با بە سازان چارەسەری بكەن. ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ زۆرینە و كەمینە ئەوە دەبێت لە هەموو شتەكان هەر وابێت. ناكرێت بۆ نموونە ئێمە بە 38 كورسی یەك وەزیرمان هەبێت و كەسێكی دیكە بە 10 كورسی ئەویش هەر یەك وەزیری هەبێت. هەر بۆ نموونە لە پەرلەمان كە ئێمە 38 كورسیمان هەیە، ئەو لێژنەیە كە ئەو پڕۆژانە تاوتوێ دەكات ئێمە سێ ئەنداممان هەیە، برادەرانی یەكێتی بە 18 كورسی سێ ئەندامیان هەیە و گۆڕان بە 24 كورسی هەر سێ ئەندامی هەیە. كەواتە بە زۆرینە و كەمینەمان نەكردووە و ئەگەر وابا دەبوایە ئێمە دوو هێندەی ئەوان ئەنداممان هەبێت. ئێمە لەسەر بنەمای سازان ئەو پێكهاتەیەمان داناوە".
میرانی دەڵێت بە پارتەكانیان گوتووە كە ئەوە دەرچوون بووە لە سازان و كوردستان بەرەو بارودۆخێكی خراپ ڕادەكێشێت و لەو بارەیەوە گوتی: "دوای سەردانەكان، لایەنەكان ڕایانگەیاندووە كە بە سازان خوازیاری چارەی ئەو پرسانەن و ئەوە بە گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستیان دەزانین بەڵام تا بە فەرمی دانەنیشین و بە فەرمی نەگەینە ئەنجامێك ناتوانین بڕیاری كۆتایی بدەین".
نابێت شتەكان قۆڕخ بكەین
لەبارەی ئەگەری بەستنی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بەستنی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئاسان نییە. پێشتر دەمانكرد، بەڵام بە سەرنجدان بەو كۆبوونەوەی دوایی پەرلەمان كە چوار لایەن بەرامبەر بە لایەنێك بوو، ناكرێ ئێمە ئەگەر ناكۆكی لە بۆچوونەكانمان هەبوو لە نێوانماندا، خەڵكێكی دیكە یان لایەنیكی دیكەش نەتوانێت بەشدار بێت. ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان پێمان باشە كە لە پێكهاتەكانی پەرلەمان وەكو نەتەوەكانی توركمان، ئاشووری و كلدان و سریان و حزبەكانی دیكە بەشدار بن. چونكە ئەگەر بوو بە چوار بە یەك كۆبوونەوەكە دەرئەنجامی نابێت. ئەوانیش هاووڵاتی ئەم نیشتمانەن و نابێت ئێمە ئەو پێنج حزبە شتەكان قۆڕخ بكەین".
پێمان باشە كە ڕێژەی كۆتاكان زیاد بكرێت
ئەو قسانەی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لە كاتێكدایە كە هەندێك لە سیاسییەكانی هەرێم پرسی كەمكردنەوەی كورسییەکانی كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمیان هێناوەتە گوڕێ. توركمان، ئاشووری و كلدان و سریان و ئەرمەنییەكانی كوردستان بە كورسی كۆتا ئەندامیان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە و بەو شێوەیە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكەن. (میرانی) لەو بارەیەوە دەڵێت: "هەوڵی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان لە پەرلەمان ئێمەی شۆك كردووە. ئەوە پاشەكشەیەكی ئاشكرایە لە دیموكراسی. توركمان، ئاشووری و كلدان و سریان و ئەرمەن خەڵكی ئەو وڵاتەن و شەریكی ئێمەن و مافی خۆیانە لە پەرلەمان نوێنەریان هەبێت و لە حكوومەت بەشدار بن. لە ڕێگەی ئەو وڵاتە باج و قوربانیان داوە. ئێمە نەك دژی ئەوەین كە كەم بكرێتەوە بەڵكو پێمان باشە كە ڕێژەی كۆتاكان زیاد بكرێت، بۆ نموونە توركمانەكان با ١٠ كورسییان هەبێت، با ئاشووری و كلدان و سریان بۆ نموونە هەشت كورسیان هەبێت، ئەرمەنیش هەر بەو شێوەیە. بوونی ئەوان لە ناو ئێمەدا ڕووی ئێمە لە دەرەوە جوانتر دەكات و دەبێتە بەڵگەیەك بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەوە بانگەشانەی دەیكەین بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی".
فازڵ میرانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان كرد كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان لێژنەی بۆ پێكهێنراوە و گفتوگۆی شارەزایان و نوێنەرانی لایەنەكانی كوردستان تێیدا بەردەوامە. ئەو گوتی: "لەگەڵ ئەوەداین كە ئیسلام یەكێك لە سەرچاوەكانی گرنگی دەستووری ئێمە بێت. چونكە زیاتر لە ٩٠ لەسەدای خەڵكی ئێمە مسوڵمانن و ناكرێت دەستوورێك لە وڵاتێكی زۆرینە مسوڵمان ڕێزی بۆ بنەماكانی سەرەكی بۆچوونی خەڵك نەبێت. ئەوانەی كە لەگەڵ بنەماكانی دیموكراتی ناكۆك نەبێت و بە پێچەوانەشەوەی ئەو پرنسیپە دیموكراتیانەش كە لەگەڵ بنەماكانی ئیسلام ناكۆكییان نەبێت، جێی پەسەندی ئێمەیە". میرانی هەر لەو بارەیەوە ئاماژە بە ڕێنوێنییەكی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات كە پێی گوتوون 'نابێت وشەی كەمینە بە كار بێنن' و لەو بارەیەوە دەڵێت: "وشەی كەمینە بۆ نەتەوەكان و ئایینەكانی دیكە بە باش نازانین و پێمان وایە ئەوان نەتەوەی پێكهێنەری ئەم نیشتمانەن و مافی ئەوان دەبێت لە دەستووردا بنووسرێتەوە".
گهڕانهوه بۆ مهرجهع كه میللهته
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها باس لەوەش دەكات كە ئەوان داكۆكی لەو بۆچوونە دەكەن كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت و ئەوە بە دیموكراتتر دەزانن تا ئەو لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لەو بارەیەوە دەڵێت: "دەنگمان بە پەرلەمانتارێك داوە كە داڕشتنەوەی یاسا و چاودێری كارەكانی حكوومەت بكات. لە ئەگەری كاندیدا بوونی چەند كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم پەرلەمانتارێك چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بۆچوونی هەموو ئەو كەسانەی كە دەنگیان پێ داوە. با خەڵك هەموو بەشدار بن لە پڕۆسەی دەنگدان. بەڵام لە ئێستادا بۆ ئەوەی كوردستان تووشی بۆشاییەكی یاسایی نەبێت پێمان باشە وەك چۆن لە دەستووردا نووسراوەتەوە لەگەڵ كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمان بێت و قەیرانێكی تریش لە پاڵ قەیرانی كێشە لەگەڵ بەغدا و قەیرانی شەڕی داعش و... زیاد نەكەین. لەگەڵ كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمان، دانانی دەستووریش تەواو دەبێت و ئەو كاتە بڕیاری لەسەر دەدەین كە چۆن بێت. ئێمە مەرجەعێكمان هەیە كە ئەویش میللەتە، ئەو كاتە هەر ناكۆكییەكمان هەبێت با لەسەر بنەمای ڕیفراندۆم خەڵك بڕیاری كۆتایی بدات. زۆرینە هەرچی بێت ملكەچی دەبین".
وڵاتانی عهرهبی هیچ هاوكاری ههرێم نهبوونه
لە بارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، (فازڵ میرانی) بۆچوونی خۆی ڕاگەیاند و گوتی: "كێشەی ئێمە لەسەر ڕێژەی بەرمیل و دۆلار نییە، كێشە لە ئەقڵییەتی ئەو حكوومڕانانە دایە كە كوردستانیان دابەش كردووە. ئەم ئەقڵییەتە كە ئێمە بە برا بچووك دەزانێت و حەز دەكات بە پێی خواستی ئەوان بژین نەك ئەوەی خۆمان دەمانەوێت. ئەگینا ئێمە هاووڵاتی ئەو وڵاتەین و نەوتیش بە پێی دەستوور هی هەموو عێراقییەكانە بە كورد و عەرەب و هەموو پێكهاتەكانەوە. ئەمانە هەموو دەرئەنجامن و هۆكار لە مێنتالیتی واتە ئەقڵییەت دایە. ئەگەر ئەم ئەقڵیەتە بگۆڕێت من گەرەنتی دەدەم كە ئەم كێشانە نامێنن".
میرانی لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەی دا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ ڕەخنەی لە وڵاتانی عەرەبی گرت كە لە شەڕی داعشدا هیچ هاوكارییەكی هەرێمیان نەكردووە. ڕاشیگەیاند كە توركیا لە ڕووی مرۆڤی هاوكاری هەندێك لە كەمپەكانی كردووە و لەو بارەیەوە گوتی: "لەو بارەیەوە گلەییمان هەیە لە برایانی عەرەب بە تایبەتی وڵاتانی كەنداو كە زیاتر لە ساڵێكە ئێمە لە شەڕداین و عێراق بوودجەی بڕیوین و هاوكاریمان ناكات و ئەوانیش ئیمكانیاتێكی زۆریان هەیە و دەیانتوانی هیچ نەبێت یارمەتی و پێداویستی سەربازیی بۆ پێشمەرگە بنێرن. لەو پەیوەندییەدا سوپاسی ئیمارات و سعوودیە دەكەین كە لە ڕووی مرۆیی یارمەتییان داوین كە بۆ كەمپی ئاوارەكانی عەرەب بووە، ئەوەیش هەر واجبی ئەوانە و عەرەبن و ئەركیان لەسەر شانی یەكترە. سعوودیە بایی ٣ملیار دۆلار كەلوپەلی بۆ سوپای لوبنان كڕیوە. لەگەڵ كۆمپانیاكانی فەرەنسا ڕێك كەوتوونە بەو بڕە پارەیە سوپای لوبنان تەجهیز بكەن. بەو شێوەیەش دەیانتوانی ئیرادە بكەن و لە ڕووی پێداویستی سەربازیی ئاوا یارمەتیمان بدەن، یارمەتی خێزانەكانی شەهیدان بدەن. ئێستا بیستوومانە خواستێك هەیە بۆ ئەو بابەتە كە یارمەتیمان بدەن، هیوادارین جێبەجێ بكرێ.
ڕۆڵی توركیا لە ڕووی هاوكاری مرۆیی خراپ نەبووە
گوتیشی كه "ڕۆڵی توركیا لە ڕووی هاوكاری مرۆیی خراپ نەبووە بەڵام لە ڕووی هاوكاری سەربازیی توركیا دەیتوانی هاوشێوەی ئەوەی كە مەشق بە ئۆپۆسیۆنی سووریا دەكات و ئەوەی زانیاریمان هەبێت مەشق بە هەندێك لە خەڵكی مووسڵیش دەكات، ئاواش دەیتوانی یارمەتی بە ئێمە بكات. هیوادارین كە توركیاش بە پێی هەلومەرجی خۆی دوای هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكوومەت، لەگەڵ هەموو ئەو گوشارانەی لەسەرێتی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كە لەو وڵاتەن، بتوانن یارمەتیدەر بن".
پشتی ئێمە ئەو میللەتەیە كە هەموو بارگرانییەكی تەحەمول كردووە
لە وەڵامی دواپرسیاری ئاژانسی ئانادۆڵ دەربارەی ڕوانینیان بۆ داهاتووی هەریمی كوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو باردۆخە سیاسی و ئەمنییەی كە باڵی بەسەر هەرێمدا كێشاوە، میرانی گوتی: "ئەگەر لە ناوەوە بە هێز بین لە دەرەوەش بەهێز دەبین. پشتی ئێمە ئەو میللەتەیە كە هەموو بارگرانییەكی تەحەمول كردووە. ڕێبەرایەتی سیاسی تا ماوە لە چاكەی ئەو میللەتە دەرناچێت و هەموو شتێكیان لە ئێمە قبووڵ كردووە. كە شەڕ بووە كوڕی خۆی پێشكەش كردووە كە هەڵبژاردن بووە بەشداربووە، كە مووچە و بوودجەی لێبڕاوە هەوڵی خۆپێشاندانی نەداوە و خۆڕاگریی كردووە. ئەم میللەتە سەروەتێكی ئەساسی ئێمەیە. دووهەم یەكڕیزی ئێمەیە، ئەگەر یەكڕیزی ئێمە نەبێت ئەو سەروەتە بە تەنیا ناتوانی دەسكەوتەكان بپارێزێت. من دەڵێم كورد بە قەد دوژمنەكانی زیانی گەیاندووەتە خۆی تا ئێستا"
