سەرۆكی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور: دەستووری ئیسلامی و عەلمانیمان ناوێت
دانا دارا، سەرۆكی لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری كوردستان رایگەیاند:" 41 ماددە لە دەستووری كوردستان جێگیكراوە و لە لایەن لیژنەكە پەسەندكراوە لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو قسە لە سەر ماف و ئازادییەكان دەكەین كە كۆڵەكەیەكی سەرەكی و ئاوێنەی مافی هاونیشتمانیانە".
سەبارەت بە پرسی ئایین لە دەستووری كوردستان، دانا دارا گوتی:" ئێمە دەستوورێكی مەدەنی دەنووسینەوە باسی دەستووری ئیسلامی و عەلمانی نییە و دەستوور بۆ هەموومانە، ئێمە لەگەڵ دابەشكردنی كۆمەڵگا نین، لە سەر پرسی پێگەی ئیسلام لە دەستووری كوردستان 25 كاژێر گفتوگۆ و قسەمان لە سەركردووە، لە كۆی 5 بڕگەی ئەو ماددەیە 3 بڕگەمان پەسەند كردووە".
سەرۆكی لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری كوردستان دەڵێ: " بۆ ئەوەی فەوزا و كێشەی یاسایی دروست نەبێت و ناكۆكی لەگەڵ یاساكانی دیكە روو نەدات، پێویستە لە دەستووری كوردستان بنووسرێت نابێت هیچ یاسایەك دژی بنەما نەگۆڕەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەربچێت، چونكە لە دەستووری عێراق و پرۆژەی دەستووری كوردستان 2009 وا نووسرابوو و رای یەكێتی زانایایش لەگەڵ ئەو دەقەیە".
لیژنە 21 كەسییەكەی ئامادەكردنەوەی دەستووری كوردستان، تا ئێستا 36 كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە، لەئەنجامی كارەكانیشیاندا41 ماددەیان نووسیوەتەوە و ئێستاش لە دەروازەكانی ماف و ئازادییەكاندان، دەستووری كوردستان لە 27 بنەمای گشتی پێكهاتووە.
رووداو
