ئەڵمانیا 60 تۆن چەک بۆ پێشمەرگە دەنێرێت
فەرماندەیی سووپای ئەڵمانیا رایگەیاند، کە ئەڵمانیا 60 تۆن چەک و تەقەمەنی وەک ھاوکاری بۆ پێشمەرگە ناردووە، بۆ ئەوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پێشڕەوەی زیاتر بکەن.
بەپێی راگەیەندراوی سووپای ئەڵمانیا، بارەکە لە فڕۆکەی ئەنتۆڤ ئەی ئێن-124ـی تایبەت بە گواستنەوەی بار لە فڕۆکەخانەی لایپزیگ بەڕێکەوتووە، دوای ئەوەی بە بەغدادا ھاتووە، لە ھەولێر لەلایەن نوێنەرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بارە ھاوکارییە سەربازییەکەی ئەڵمانیا لە شەوی پێنجشەممە وەرگیراوە.
ھاوکارییەکەی ئەڵمانیا، 200 چەکی دژە تانکی میلان، 900 دژە تانکی جۆری پاونزێرفاوست3 لەگەڵ گوللەی جۆری DM12A1، کە بۆ ئەو دژە تانکە بەکاردەھێندرێت، 5 هەزار نارنجۆک و یەک ملیۆن گوللـەی چەکە ئەڵمانییەکان. بەگشتییش تا ئێستا ئەڵمانیا 1900 تۆن چەک و پێداویستی سەربازی وەک ھاوکاری سەربازی داوەتە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا بە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی راگەیاند، کە چەندین وڵات ھاوکاری باشتریان لە ئەمریکا داوەتە پێشمەرگەی کوردستان. ئەو نموونەی بە دژە تانکی میلانی ئەڵمانی ھێنایەوە، کە کاریگەری ھەبووە لەسەر تێکشکاندنی ھێرشەکانی داعش، گوتوشیەتی ئەڵمانیا ”کارێکی مەزنی ئەنجام دا، بەوەی ئەو جۆرە چەکەی داوەتە کوردەکان“.
