مەسروور بارزانی: پارتی بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ سەربەخۆیی كردووە.. كوردستان پێویستی بە یەكڕیزییە

مەسروور بارزانی: پارتی بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ سەربەخۆیی كردووە.. كوردستان پێویستی بە یەكڕیزییە
(مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان دەڵێت، سەربەخۆیی مافی هەموو خەڵكی كوردستانە و بە جیددی كار بۆ ئەو پرسە دەكەن. جەختیش دەكاتەوە، پارتی بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ سەربەخۆیی كردووە و هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە یەكڕیزی و تەباییە.

(مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە میانەی بەرنامەی (دیداری رۆژ)ـی كەناڵی (كوردستان تیڤی)ـدا كە بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ناوەڕۆكەكەی بڵاو بكرێتەوە، ڕایگەیاند: "پرسی سەربەخۆیی كوردستان، پرسێكی گرینگە، بۆیە پێویستی بە یەكڕیزیی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە".

ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان جەختیشی لەوە كردەوە كە، پارتیی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی مێژوو، خەباتی بۆ سەربەخۆیی كردووە و كوردیش وەك تەواوی گەلانی دونیا، مافی چارەی خۆنووسینی هەیە، بۆیەیش ئەم پرسە لە ئەولەوییەتی كاری سیاسیی ئێمە بووە و دەبێت".

(مەسروور بارزانی) دووبارە داوای لە سەرجەم هێز و حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد، ئەو بابەتە بكەن بە بەرنامەی كاری سیاسیی خۆیان، تا "بەیەكەوە ئەو مافە بۆ گەلی كورد بگێڕینەوە".
Top