وەزارەتی پەروەردە لەبارەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان روونكردنەوە دەدات
فاتح مەولەویزادە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند : ئەو دەنگۆیانەی باس لە بڵاوبوونەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی دەكەن دروستنین و تاوەكو ئێستا هیچ ئەنجامێك رانەگەیێندراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە جەختیكردەوە، هەوڵدەدەن پێش جەژنی رەمەزان كە دەكاتە كۆتایی هەفتەی داهاتوو، ئەنجامی تاقیكردنەوەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا بەفەرمی رابگەیێنن.
ئەمساڵ زیاتر لە 131 هەزار خوێندكار تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەییان ئەنجامداون. پێشتریش فاتح مەولەویزادە بە رووداوی گوتبوو كە " لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەی گزیان كردووە بەردەوامەو نزیكەی 200 كەس لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە".
مەولەویزادە رەتیشكردەوە حاڵەتیان هەبێت بەناوی دزی یان كڕین و فرۆشتن بە پرسیارەوە، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە كە گزیکردن لە رێگای بلوتوزەوە هەبووە. گوتیشی" گزیکردن بە بلوتوز لە2006 ەوە هەیە، بەڵام ئەمساڵ چاودێریمان تووندتر بوو، هەر بۆیە لێكۆڵینەوە لەگەڵ نزیكەی 200كەس كراوەو ژمارەیەكیش دەستگیركراون، كە هەندێكیان نە خوێندكارن و نە لە سلكی پەروەردەشدا كاردەكەن".
رووداو
