بهریتانیا واز له پاڵپشتیکردنی پێشمهرگه ناهێنێت
دوێنێ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەریتانیا چاوی کەوت بە تۆبایەس ئێڵوود وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حکوومەتی بەریتانیا. لەو دیدارەدا کە کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیایشی لێ بوو، جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرایەوە.
فەلاح مستەفا تیشکیشی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئاسایش و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. لەم بارەیەوە باسی لە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش کرد. هەروەها ئاماژەی بە پێداویستیەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دا و داوای کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و زیاتر پشتی هێزەکانی پێشمەرگە بگرن.
تۆبایەس ئێڵوود سەرسامی خۆی بە قارەمانیەتی و بەرخودانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی و ستایشی قوربانیەکانیانی کرد. هەروەها بەردەوامبوونی حکوومەتی بەریتانیا دووپات کردەوە لە هاریکاریکردنی پێشمەرگە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەت پابەندبوونی کوردستانی بە دوایین ڕێکەوتنەکەی نێوان هەولێرو بەغدا لە بارەی هەناردەکردنی نەوت و بوودجە دووپات کردەوە، گوتیشی کورد هەموو دەمێك ئامادەن بۆ وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام دەبێت چارەسەری ڕاستەقینەش لە لایەن بەغداوە پێشکەش بکرێ. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی هەرێم بەهۆی بڕینی بوودجەکەی لەلایەن بەغداوە لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا تووشی قەیرانێکی گەورەی دارایی بووە.
گوتیشی حکوومەتی هەرێم دەستی کردووە بە چاکسازیی ئابووری و دارایی لە هەرێم و لەو ڕووەشەوە پێویستی بە شارەزایی بەریتانیا هەیە بۆ ئەوەی بە جوانی ئەو کارە بکات.
تۆبایەس ئێڵوودیش، دەستخۆشیی لە حکوومەتی هەرێم کرد و ئەو کارەی بە بایەخدار وەسف کرد و گوتیشی وڵاتەکەیان ئامادەیە بواریی چاکسازیی ئابووری و داراییدا یارمەتیی هەرێمی کردستان بدات.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا هەردوو لا باسیان لە بارودۆخی مرۆیی و پێداویستیی پەنابەران و ئاوارە کورد و عێراقییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کرد. فەلاح مستەفا داوای هاریکاری مرۆیی زیاتری کرد لە حکوومەتی بەریتانیا و ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە.
