نێچیرڤان بارزانی: تەحەدییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان زۆر لە خیلافی لایەنە سیاسییەکان گەورەترن.. دەبێ وێکڕا بەرەوڕوویان ببینەوە

 نێچیرڤان بارزانی: تەحەدییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان زۆر لە خیلافی لایەنە سیاسییەکان گەورەترن.. دەبێ وێکڕا بەرەوڕوویان ببینەوە
پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە مەسیحییەکانی کوردستاندا، (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند، ئەوەی گرینگە دەبێ ئەو تەحەدییانەی بەرەوڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، پێکەوە بەرەوڕوویان ببینەوە؛ چونکە تەحەدییەکان زۆر لە خیلافی لایەنە سیاسییەکان گەورەترن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) لەگەڵ شاندی بێت نەهرێن و حیزبی وەتەنی ئاشووری و، ئەنجوومەنەکانی نەتەوەی کلدان کۆ بووەوە و پرسی ئامادەکردنی دەستوور و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمیان خستە بەر باسەوە.
پا کۆبوونەوەی نێوانیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز درا و تێیدا لایەنی مەسیحییەکان جەختیان کردەوە کە سازان باشترین ڕێچارەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان و، لەگەڵ شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستانیشدا لەسەر ئەم پرسە کۆک بوون.
دەربارەی دۆخی مەسیحییەکان لەگەڵ شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆمان کردووە و، بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی)ـی جەختی کردووەتەوە لەوەی کە ئەوەی لە توانای هەرێمدا بێ بۆ کەمکردنەوەی دۆخی ەنخوازراوی مەسیحییە پەنابەرەکان درێخی ناکەن.
هاوکات (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەمان بە شێوەیەکی گشتی تەرکیز بوو لەسەر ئەو نەهامەتیانەی ئەو نەتەوەیە دووچاری بووەتەوە، بە تایبەت پاش هێرشی تیرۆریستانی داعش، کە نیگەرانی و گرفتی بۆ مەسیحییەکان هێناوەتە پێش. ئێمە جەختمان کردەوە کە ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێمان بکرێ بۆیان و بۆ سەقامگیرییان دەیکەین. چونکە ئەوان بە لای ئێمەوە لە ماڵی خۆیانن و میوان نین؛ بەو هیوایشین کە سنوورەکانیان ئازاد بکرێ و بە سەلامەتی بۆی بگەڕینەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەیشی لەگەڵ لایەنە مەسیحییەکان، سەرۆکی شاندی پارتی گوتی، دەربارەی دەستوور و یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و هەڵبژارنی سەرۆکی هەرێم گفتوگۆمان کرد، هەردوو لامان کۆک بووین لەوەی کە سەقامگیریی سیاسی پێویست و گرینگە، سوپاس بۆ هەڵوێست و پێشوازییان. بەو هیوایەی کە هەموو لایەک بگەیەنە سازانێک کە لە بەرژەوەندیی کۆی پێکهاتەکاندا بێت.
جەختیشی کردەوە، بڕوای ئێمە وایە کە مەسیحییەکان ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان لەم وڵاتەدا هەیە و دەبێ لەسەر بنەمای پێکەوژیانی ئاشتیانەیش سەیریان بکەیەن و، دەبێ کۆی لایەنەکانی دیکەیش وەها لێیان بڕوانن. دووپاتیشی کردەوە، جوانیی ئێمە لەو تابلۆیەدایە کە هەموومانی پێکەوە کۆ کردووەتەوە، هەڵبەت کەمکردنەوە لە پێگەی ئەم لایەنەنایش قبووڵ ناکرێ و، پێم وایە کە لایەنەکانیش دیکەیش هەروا لێیان بڕوانن.
ئاماژەیشی دا، ئەوەی گرینگە کە دەبێ ئەو تەحەدییانەی بەرەوڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، پێکەوە بەرەوڕوویان ببینەوە.
هەروەها گوتی، تەحەدییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان زۆر لە خیلافی لایەنە سیاسییەکان گەورەترن.
دەربارەی هەبوونی پەکەکەیش لە هەرێمی وکردستان و کاری سیاسی و چالاکییان، جەختی کردەوە، ئەولەویەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستانی عێراق، مەیدانی کاری پەکەکە تورکیایە، چونکە ئەوان دەیانەوێ کێشەکانیان لەگوڵ تورکیا چارە بکەن، بەو واتایەی ئەوان لێرە لە هەرێم میوانن، هەڵبەت ئێمەیش دەمانەوێ و هیوادارین ڕۆژێک بێ و لەگەڵ ئانکارادا کێشەکانیان چارە بکەن و بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
Top