نێچیرڤان بارزانی چۆن باسی مەسعود بارزانی دەکات
گوتیشی:" ئێمە لە قۆناخێکداین کە دەبێ ئەم پرسانە بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر بکرێت، ئەمە بە زۆرینە و کەمینە چارەسەر ناکرێت".
لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر ئەوەی پارتی ئەوەی دەیەوەی لەم سەردانانەدا دەستی کەوتووە یان نا نێچیرڤان بارزانی گوتی:" ئێمە لەگەڵ لایەنەکان هەموو قسەی خۆمانمان کردووە، یەکەم شت ئەو پرەنسیپە بە نیسبەت ئێمەوە گرینگە ئەوەیە کە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نییە پەیوەندی بە هەموو هێزە کوردستانییەکانەوە هەیە ، دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێ".
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد:" ئەمڕۆ ئێمە 1100 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ داعش هەیە، هەر دوو رۆژی رابردوو ئێمە 7 پێشمەرگەمان لە هێرشی داعش بۆ کەرکووک شەهید بوو، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو بەرانەی شەڕی کردووە بۆ ئەوەی لە دۆخی جبهەکانی شەڕ تێبگات".
نێچیرڤان بارزانی باسی لە رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لەشەڕی دژی داعش و گوتی:" لە ماوەی یەکساڵ شەڕی دژی داعش با حیسابی بکەین بزانین ئەم بەڕێزە کە ئەمڕۆ ئەم بەرپرسیاریەتییەی لەسەر شانە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند رۆژ لەماڵی خۆی بووە؟ ئەوەی ئەمڕۆ کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیکات بەرپرسیارەتی خۆیەتی وەک سەرۆکی هەرێم و دەبێ بیکات و دەبێ بەردەوامیش بێ".
جێگری سەرۆکی پارتی پێیوایە:" لەم دۆخەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تێدایە وەک قەیرانی دارایی و شەڕی داعش لەلایەکەوە و هەروەها ئەو هەموو کێشانەی کە ئێمە هەمانە، نابێ ئەمڕۆیش ئێمە ئەم پرسە بخەینە سەر هەموو ئەو کێشانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە".
گوتیشی:" ئێمە بنەمای گفتوگۆمان قبوڵە بۆ گەییشتن بە رێککەوتنێک کە لە خزمەتی هەموو لایەکدا بێت ئێمە ئەوەمان دەوێ و ئەمەمان بەلاوە گرینگە".
لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی، ئەم قۆناخەی کە ئێستا وڵاتی ئێمەی پێدا تێدەپەڕێ ئێمە پێمانوایە دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەری بکرێت پرسیاری ئەوەی کرد کە :" کێشە لەسەر چییە؟ کێشە لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم زیادە؟ با بێن و گفتوگۆی لەسەر بکەین، با سەیری دەسەڵاتەکانی بکەین، بەڕاستی دەسەڵاتەکانی زۆرن؟ ئامادەین قسەی لەسەر بکەین، بەڵام ئەو گفتوگۆیە لەسەر بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت".
بارزانی گوتیشی:" ئێمـە مەبەستمان نییە کە دەڵێین گەنگەشەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین مەبەستمان شەخسێکە، ئێمە مەبەستمان مەسعود بارزانی نییە وەک شەخس، مەبەستمان بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە".
نێچیرڤان بارزانی داوای ئەوەی کرد کە:" با بە هێمنی و لەسەرخۆ ئەو پرسانە تاوتوێ بکەین، نەک لەوەی کە لایەنێک پێداگری دەکات ئەم گەنگەشانە بکرێت بۆ مەسعود بارزانی، ئەم گەنگەشانە بۆ مەسعود بارزانی نییە، ئەم گەنگەشانە بۆ داهاتووی ئەم گەلەیە با لەم روانگەوە سەیر بکرێت".
جێگری سەرۆکی پارتی پێیوایە:" ناکرێ وا باس بکرێ کە چونکە سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانییە بۆیە ئێمە ئەوا پێداگری دەکەین، ئێمە دەتوانین لە دانیشتنێکدا بیانهێنینە ئەو قەناعەتەی کە ئەوەی ئەوان دەیڵێن لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، بە لانیکەمەوە لە بۆچوون و روانگەی ئێمەوە".
بارزانی دەڵێ" ئەوان باسی سیستەمی بەغدا دەکەن باشە سیستەمی بەغدا کەی سیستەمێکی رێکوپێکە، لە دەرەنجامی ئەو سیستەمە کە باڵانس نامێنێت لە دەسەڵاتەکان وایکرد لەسەردەمی مالیکی بەو شێوەیە حکومەت بەڕێوە بچێ، ئایا ئەو سیستەمە بۆ خەڵکی کوردستان دەتوانێ وەڵامدەری دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان بێ؟".
نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی ئەم کێشانە بە زۆرینە و کەمینە چارەسەر ناکرێ رایگەیاند:" بۆ چوونی ئێمە بەلانیکەم وەک لایەنێکی سیاسی ئەوەیە کە پێمانوایە ئەمانە هەمووی بە دانیشتن دەکرێ جارەسەر بکرێ نەک بە پەرچەکردار، بە دەس بەرزکردنەوە لە پەرلەمان و زۆرینە و کەمینە ئەمانە چارەسەر ناکرێ ئەمانە پرسی جیدین".
گوتیشی:" ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی راگواستنداین لە هەموو روویەکەوە، لە پرسی بە دامەزراوەکردن و بەڕێوەبردنی وڵات، ئێمە لە قۆناخێکداین کە دەبێ ئەم پرسانە بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر بکرێ، ئەمە بە زۆرینە و کەمینە چارەسەر ناکرێ".
بارزانی لەوەڵامی ئەوەی تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان وەڵامێکیان بۆ داواکارییەکانی ئێوە هەبووە، گوتی:" دەبی هەموومان پێکەوە دابنیشین و وەڵامەکە بدەینەوە، ئەم وەڵامە تەنیا بۆ ئێمە نییە وەک پارتی، ئەمە پێویستی بەوە هەیە کە سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکان پێکەوە دابنیشن و رێگە چارەیەک بۆ ئەم پرسانە بدۆزنەوە، ئەم پرسە هیچ رێگەچارەیەکی دیکەی نییە جگە لەوەی لایەنە سیاسییەکان پێکەوە دابنیشن و رەچاوی بەرژەوەنی ئەم هەرێمە بکەن".
لەبەشیکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی باسی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی ئابووری لە باشووری کوردستان کرد و رایگەیاند:" کە باس لە سەربەخۆیی ئابووریی دەکرێ با راستیبکەمەوە، فرۆشتنی نەوت سەربەخۆیی ئابووری نییە زۆر جار باس لەوە دەکرێ ئەگەر ئێمە نەوتمان سەربەخۆ فرۆشت ئەوە سەربەخۆیی ئابوورییە، نەخێر وا نییە".
بارزانی گوتی:" سەربەخۆیی ئابووریی ئەوەیە کە ئەوەی لەو وڵاتە پێویستە دەبێ لە وڵاتەکەی خۆتدا بەرهەمی بهێنی نەک لەدەرەوە هاوردە بکرێ، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەیبینین بازاڕێکە کە هەموو کەل و پەلەکانی لەدەرەوە دێ ، ئامانجئ ئیمە ئەوەیە کە بگەین بەو سەربەخۆییە".
لەسەر رێککەوتنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بارزانی وگوتی:" ئێمە پێشتر رێککەوتنێکمان لەگەڵ بەغدا کردووە و پێمانوابووە کە بەرژەوندی خەڵک وا دەخوازێ کە رێگە چارەیەک بدۆزینەوە و ئەم رێککەوتنە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ بەغدا بەردەوامین هەرچەندە ئەو رێژە نەوتەی ئێستا رادەستی بەغدا دەکرێ کەمترە لە جاران".
بارزانی پێیوایە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سۆمۆ بەمانەی کۆتایی هێنان بە رێککەوتنەکە نییە لەگەڵ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند:" دەمانەوێ بەردەوام بین ئامادەین بەشێوەیەکی نوێ پێداچوونەوە بکەین بە رێککەوتنەکەمان و هەوڵبدەین رێککەوتنێک واژۆ بکەین کە لە بەرژەوەندی هەموو عێراق بێت و لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی:" ئەو مەجالەمان هەیە مانگانە کەمییەکی زۆر نەوت بفرۆشین و ئەو پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بێ بەڵام ئەوەی ئێستا بەغدا لەگەڵ ئێمە دەیکات نیوەی ئەو پارەیەمان دەداتێ لەبەرامبەر ئەو کەمییە زۆرەی نەوت کە بە بەغدای دەدەین".
رووداو
