كورد پابەندترین نەتەوە بووە بە ئیسلامەوە
مامۆستا عوزێر هەروەها گوتی: لە كوردستاندا ئایین و نەتەوە و مەزهەبی جیا جیا هەن، بە درێژایی مێژوو ئەم نەتەوە و ئایین و مەزهەبانە لە كوردستاندا ژیاون، هیچ كاتێك نە دووبەرەكێ و نە كێشە لە نێوانیاندا رووی نەداوە، ئەمەش بۆ زۆر هۆكار دەگەڕێتەوە لەوانە:
تێگەیشتنی راستەقینەی گەلی كورد بۆ ئەو بنەما ئایینییانەی كە داوای لێبوردەیی و پێكەوەژیان و هاوكاری و برایەتی و دڵنەرمی و ئاشتییانەی مرۆڤەكان دەكەن، ئەمەش هاوكاتە لە تێگەیشتنی زانایانی كوردستان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و گەیاندنی ئەم پەیامە بە جەماوەر، لە رێگەی وتار و بۆنە ئایینی و نەتەوەیی و مەجالیسەكانیانەوە.
شايانى باسه حافز هەورامى گوتی: كوردستانییان رۆحی برایەتی و پێكەوەژیان و هاوكارییان لە نێوان یەكتردا بە هەند وەرگرتووە، لە هەمان كاتدا هاوسەنگی و جوان حاڵیبوونی زانایانی پایەبەرزی كورد لە دەقەكانی قورئان و سوننەت و رەوشت و ئاكارە جوانەكانی باو و باپیرانمان هۆكارێكی تری ئەو برایەتی و تەباییەن لە نێو پێكهاتەكانی كوردستاندا، بۆیە ئومێدەوارم ئەم كەلتوور و مێژووە بپارێزین، بە هیچ شێوەیەك بواری دووبەرەكی و توندوتیژی فیكری نەدەین لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەماندا.
لە درێژەی قسەكانیدا هەورامى هەروەها گوتی: دەستوور مانای بوونی نەتەوە و وڵات و گیانێكی سیاسی دەبەخشێت، دیارە پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستان هۆكارێكن بۆ تۆكمەیی و گشتگیری دەستووری كوردستان، چونكە دەستوور بۆ كورد نییە، تەنیا بۆ موسڵمانانیش نییە، بەڵكو بۆ دانیشتووانی كوردستانه.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1033)
