لیژنەی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا سەردانی بەغدا دەکەن

 لیژنەی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا سەردانی بەغدا دەکەن
بە پیێ لێدوانی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق ، تەنیا 10 رۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، بەڵام داود جوندی ئەندامی لیژنەی ئەمنی پارێزگای نەینەوا دەڵیت:" تاوەکو ئێستا لیژنەکەمان بە فەرمیی ئاگادار نەکراونەتەوە هەر بۆیە بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا بکەین و لەوێوە سەردانی وەزارەتی بەرگری عێراق بکەین".

حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 15-4-2015 لە وڵاتی ئەمریکا بڕیاریدابوو دوای جەژنی رەمەزان دەست بە هێرش بۆ سەر موسڵ بکرێت.

سەیدو چەتۆ سەرۆکی کوتلەی برایەتی و پێکەوە ژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت:" کاتێک سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێک دەدات دەبێ ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، پێویستە کاتێک لێدوانێک دەدات تاوتوێ بکرێ، بۆیە ئێمە وەک سەرۆک کوتلەکانی ناو ئەنجوومەن کۆبوونەوەیەکمان کرد بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەوە بکەین کە لەکاتی رزگارکردنی موسڵ دەبێ چیبکەین و ئەرکەکانی ئێمە چی دەبی".

رۆژ لەدوای رۆژ نزیک دەبینەوە لە وادەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و ئامادەکارییەکانیش لە باشووری کوردستان دەستیپێکردووە بە دروستکردنی کەمپ بۆ هاتنی بە لێشاوی ئاوارەکانی موسڵ، کە چاوەڕێ دەکرێ 500 تاوەکو 800 هەزار ئاوارە روو لە باشووری کوردستان بکەن.












رووداو
Top