لە ژێر دروشمی (سەردانی خێر) خێزانە كەمدەرامەتەكانی كوردستان بەسەر دەكرێنەوە
فیراس بەربیر بەڕێوەبەری بازاڕكاریی كۆمپانیای جاگوار لاند رۆڤەر گوتی: مەبەست لەو كارە خێرخوازییە ئەوە بوو كە كۆمپانیاكەمان بە ئەركی سەرشانی خۆی زانی هاوكاری خێزانە كەمدەرامەتەكان بكات بە پێی پێویست و بۆ 500 ماڵ بۆكسێكی پڕ خۆراكی وشكی بە سەریاندا دابەش كرد لە مانگی رەمەزاندا بە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان بە بارێكی دارایی ناهەموار تێپەڕ دەبێ و هەر وەك چۆن كۆمپانیای ناوبراو سوودی مادی لە كوردستاندا دەبینێ، بە هەمان شێوە بە پێویستی دەزانێ كە هاوكاریی هاووڵاتیانی ئەم هەرێم ببێت بە تایبەتی كە خێزانە كەمدەرامەتەكانی كوردستان تا رادەیەك پەراوێز خراون.
هەڵمەتەكە بە ناوی (سەردانی خێر) بوو و سەرەتا لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی بۆ بەسترا تێیدا شێواز و كاتی دابەشكردنەكان خرانە روو. پاشان لە شاری هەولێر دەست پێكرا و پاشان سلێمانی و دواتریش لە دهۆك كۆتایی بە هەڵمەتەكە هێندرا.
رێبوار محیەدین نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی رای گەیاند، هیوادارین كۆمپانیاكانی بازرگانی دیكە كە لە كوردستاندا كار دەكەن هاوشێوەی جاگوار لاندرۆڤەر كار بۆ هاوكاریكردنی لێقەوماونی كوردستان بكەن، هەرچەندە داوا كۆمپانیای ناوبراویش دەكەم بۆ جاری داهاتوو هەڵمەتەكەیان گەورەتر بكەن.
جێی باسە ئەمە بۆ دووەم ساڵە لەسەر یەكتر كۆمپانیای جاگوار لاند رۆڤەر هەڵمەتی (سەردانی خێر) لە كوردستان جێبەجێ دەكات و بە نیازە ساڵی داهاتوو ئەو هەڵمەتە فراوانتر بكات.
