ئەگەر دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش-یش تێكبشكێندرێت، ناتوانرێت رێگە لە دابەشبوونی عێراق بگرێت

ئەگەر دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش-یش تێكبشكێندرێت، ناتوانرێت رێگە لە دابەشبوونی عێراق بگرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان جامیس راسل پسپۆڕ و تایبەتمەند لە سیاسەت و ئاسایشی دەوڵەتانی كەنداو بۆ گوتى: مەحاڵە ئەمریكا بتوانێت لە بەرزایی 50 هەزار پێ سیاسەت لەسەر ئەرزی واقیع هەڵسووڕێنێت، ئەمە بۆ یەمەن و عێراق و هەروەها بۆ سووریاش ڕاستە، فڕین بەسەر خەڵكەكەدا و بۆردوومانكردن وەك ئەوەی فەڕەنسا و بەریتانیا كردیان لە سەردەم و رۆژگاری كۆڵۆنیاڵیزمدا لە سەرەتای سەدەی بیستدا، رێگایەك نییە بۆ هەڵسووڕاندنی سیاسەتی ئەرزی واقیعی ئەو وڵاتانە. هەموو ئەو شەڕ و ناكۆكییانەی حاڵی حازر لە عێراق و سووریادا لە ئارادان، ناكۆكیی سیاسین، واتە هەوڵ و كۆششە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سیاسەت لەو ناوچەیەی ناكۆكی لەسەرە. كەواتە گورزی ئاسمانی نابێتە هۆی لە ناوبردنی دیاردەی داعش، چونكە ئەمە دیاردەیەكی سیاسییە. ڕاستە ئەوان خاكی زیاتر داگیر دەكەن، بەڵام بەلای منەوە ڕوون نییە كە ئەوەی پێی دەوترێت «پشتیوانی جەماوەری»، هێندە بەربڵاو بێت بۆ خەونە سیاسییەكانی داعش.


جامیس راسل هەروەها گوتی: دیاردەی داعش، وەك سیاسەتی بزواندنی كۆمەڵایەتی دیاردەیەكی نوێیە، واتە كەسانێك هەن كە لە ناوچەكەدا ناژین، بەڵام كۆچ دەكەن بۆ ئەو شوێنەی كە ئاڵای داعشی تێدا هەڵكراوە. سۆشیال میدیاش بەكار دەهێندرێت بۆ هاندانی ئەو جیهادییانە. بە تێڕوانینی من ناكرێت چارەسەرەكە لەلایەن رۆژئاواوە بسەپێندرێت و ناكرێت لە ڕێی بۆردوومانكردنی ئەو خەڵكانەوە بسەپێندرێت و بۆردوومانكردن ئەو خەڵكانە تووڕە دەكات و چارەسەر نییە بۆ كێشە سیاسییەكە. داعش دیاردەیەكی كورتخایەنە و ڕێكخراوێكی سیاسی نییە كە لە سەر بنەمای دڵسۆزی و پشتیوانییەكی جەماوەری بەربڵاو دروست بووبێت، بەڵكو ئەوان خاك داگیر دەكەن و بە زەبری لوولەی تفەنگ و شمشێر و ترساندنی خەڵك حوكمڕانی دەكەن، ئەمەش مایەی سەركەوتنێكی درێژخایەن نییە.

شایانی باسه جامیس هەروەها گوتی: ئەو هێرشە جیهادییانەی لەو شوێنانەی وەك تونس و كوەیت و فەرەنسا كران، نیشانەی ئیسلامێكی توندڕەوی شەڕانین كە لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتدان، كە بە چەشنی ڕێكخراوەكانی پێش خۆیان لە ڕابردوودا دەیانەوێت لە ڕێی هێرشكردنە سەر مەدەنییەكانەوە خەڵك بترسێنن و سەرنج بۆ لای كێشەكەیان ڕابكێشن. مایەی دڵتەنگییە دەبینین ئەو كەسانە دەكوژرێن بەهۆی توندوتیژییەكەوە كە هۆكار و پاڵنەری سیاسی لە پشتە.

لە كۆتایی قسەكانیدا راسل گوتی: ئێستا عێراق بە پراكتیكی لەبەر یەك هەڵوەشاوە و دابەش بووە. تەنانەت هەتا داعشیش نەمێنێت، ئەم دابەشبوونە بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی حكومەتی بەغدا ناتوانێت كێشەكان بە شێوەی سیاسی چارەسەر بكات.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1033)
Top