خشته‌ی كاركردنی موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان هه‌ڵوه‌شایه‌وه
به‌رزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رشه‌ی ناوه‌ندی كاره‌بای سلێمانی به خه‌ندانی راگه‌یاند: دوای چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئیداره‌ی سلێمانی بۆ دانانی خشته‌ی كاره‌بای نیشتمانی كاركردنی موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان له‌م مانگه، خهشتهیهك گه‌ڵاڵه‌بوو كه به 16 سه‌عات كاره‌بای نیشتمانی و هه‌شت سه‌عات كاره‌بای موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان بتوانرێت كاره‌بای مانگی تهمموز دیاری بكرێت.
وتیشی: "ئه‌و خشته‌یه ئیمزای له‌سه‌ر نه‌كراوه و نه‌بوه‌ته بڕیار، به‌ڵام له ژماره‌یه‌ك له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاند بڵاو كرابۆوه كه پاره‌ی كاره‌با زیاد كراوه".
به‌رزان محه‌مه‌د، وتی: "ئه‌و خشته‌یه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و ده‌بێت جارێكی دیكه كۆ ببنه‌وه و تاووتوێی بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش به له‌به‌رچاوگرتنی باری ئابووری خه‌ڵك بخشتهیهكی دیكه داده‌نرێت".
روونیشیكرده‌وه: له خشته نوێیه‌كه‌دا گۆڕانكاری به‌سه‌ر بڕی پاره‌كه‌و كاتژمێره‌كانی كاره‌بادا دێت".
ئه‌مڕۆ هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوكرایه‌وه كه بۆ مانگی تهمموز موه‌لیده ئه‌هلییه‌كان هه‌شت سه‌عات كاره‌با بده‌نه هاوڵاتیان، له‌به‌رامبه‌ردا بۆ هه‌ر ئه‌مپێرێك بڕی 10 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن.
پێشتر ئه‌ندازیار ئومێد محه‌مه‌د سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنتڕۆڵ و گه‌یاندنی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان به خه‌ندانی راگه‌یاندبوو: دوای چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك و كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی دابینكردنی كاره‌با، توانراوه دوو هه‌زار و 400 مێگاوات كاره‌با كۆ بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م مانگه‌دا بیده‌نه هاوڵاتیان كه 17 سه‌عات ده‌كات له شه‌و و رۆژێكدا.
xendan
