نێچیرڤان بارزانی: كەمكردنەوەی كۆتاكان پاشەكشێیە لە پێكەوەژیان و دیموكراسی

 نێچیرڤان بارزانی: كەمكردنەوەی كۆتاكان پاشەكشێیە لە پێكەوەژیان و دیموكراسی
(نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، ئەو پێكهاتانەی لەگەڵ كورد لە هەرێمی كوردستان دەژین وەك كەمینه‌نەتەوە سەیریان ناكەن، چونكە ڕەگ و ڕیشەیان لەم وڵاتەدا هەیە و پێكهاتەی توركمانیش وەك دووەم پێكهاتی هەرێم ڕۆڵی باشیان هەبووە لە هەموو قۆناغەكاندا و هیوای خواست ئەو كێشانەی لە پاشه‌رۆژیشدا دروست دەبن بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 6/7/2015 (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان و شاندێكی باڵای یاوەری، سەردانی بارەگای ماڵی توركمانانی لە شاری هەولێر كرد و لەلایەن حزب و پەرلەمانتارە توركمانییەكانەوە پێشوازی كران.



لە كۆبوونەوەیەكدا پرسی نووسینەوەی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سازان و گفتوگۆ لەسەر پرسە نیشتمانییەكان و چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت بە كێشەی توركمانەكان تاوتوێ كران.



دوای كۆبوونەوەكەش لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا (نێچیرڤان بارزانی) باسی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە كرد و ئاماژەی بەوە دا كە بیروبۆچوونی پارتی دیموكراتی كورستانیان دەربارەی ئەو پرسانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەن بۆ لایەنە توركمانەكانیان خستووەتە ڕوو و جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە لەم قۆناغەی ئێستای كوردستاندا پێویستیان بە لێكگەیشتن و سازان هەیە لەسەر هەموو ئەو پرسە چارەنوسسازانەی دێنە پێشەوە. خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە گوتاری هەینی لە هەولێر بە زمانی توركمانی بووە و ئەمەی بە جێگەی شانازی قبووڵ كرد بۆ هەموو ئەو پێكهاتانەی لەم وڵاتەدا بە ئاشتی و برایەتی پێكەوە دەژین.



ئاماژەی بەوەش دا ئەو پێكهاتانەی لەگەڵ كورد لە هەرێمی كوردستان دەژین وەك كەمینه‌نەتەوە سەیریان ناكەن، چونكە ڕەگ و ڕیشەیان لەم وڵاتەدا هەیە و پێكهاتەی توركمانیش وەك دووەم پێكهاتی هەرێم ڕۆڵی باشیان هەبووە لە هەموو قۆناغەكاندا و هیوای خواست ئەو كێشانەی لە پاشه‌رۆژیشدا دروست دەبن بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.



دەربارەی هەوڵی كەمكردنەوەی كورسیی كۆتای توركمان و مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا گەر ئەو هەنگاوە بنرێت پاشەكشەیەكی زۆر گەورە دەبێت لە بارەی پێكەوەژیان و دیموكراسیی لە هەرێمی كوردستان و پارتی پێی وایە نابێت بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ كۆتای توركمان و مەسیحی بكرێت و دژی شتێكی وان. هەروەها هیوای خواست لە هەرێمی كوردستان ئەوە ڕوونەدات، لە كۆبوونەوەكەشدا ئەوە باس كراوە، جیا لە باسكردنی پرسی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان. هەروەها ڕوونی كردەوە كە دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پەیوەندی تەنیا بە لایەنێكی سیاسییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و دەبێت دەستووریش مافی هەموو نەتەوە و ئایینەكانی هەرێم بپارێزێت.



لە بەردەوامیی قسەكانیدا بەڕێز جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە پێویستە پرسە گرنگ و نیشتمانییەكان لەگەڵ هەموو لایەنەكان و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان باس بكرێت و سازانی لەسەر بكرێت و توركمانیش بەشێكن لە هاووڵاتیانی كوردستان، بۆیە دەبێت گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت و بیروبۆچوونی ئەوانیش وەربگیرێت.



دەربارەی ئەوەی كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە گوتوویەتی دەبێت پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان چارەسەر بكرێت، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمە پرسێكی پەرەلەمانییە و پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە و دەبێت لایەنەكان چارەسەری بۆ بكەن و ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاشی بە دەستخستنەناو كاروباری هەرێمی كوردستان نەزانی.



لای خۆیەوە (ئایدن مەعرووف) بە ناوی لایەنە سیاسییە توركمانییەكانەوە باسی لەوە كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كراوە. لەبارەی دەنگۆی ئەوەیش كە دوای كشانەوەی لیستی پارتی لە كۆبوونەوەی 23ی حوزەیرانی ڕابردوو لایەنە توركمانییەكانیش خۆیان لە كۆبوونەوەكە كشاندووەتەوە، جەختی كردەوە كە ئەم دەنگۆیە دوورە لە ڕاستی و ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان دابوو بەشداری لەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان نەكەن، چونكە باوەڕیان وابوو لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا نییە و پشتگیریی لایەنە توركمانەكانیشی بۆ سازان و لێكگەیشتن دووپات كردەوە و كەمكردنەوەی كۆتای توركمان و مەسیحییەكانیشی بە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان لەقەڵەم دا و رەتی كردەوە بە شتێكی وا ڕازی ببن.
Top