لە هێرشەکەی شەوی رابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر باشووری کەرکووک، دەیان چەکداری داعش کوژراون

لە هێرشەکەی شەوی رابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر باشووری کەرکووک، دەیان چەکداری داعش کوژراون
وەستا رەسوڵ بەرپرسی میحوەری 4-ی باشووری کەرکووک رایگەیاند: "لە هێرشەکەی شەوی رابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر باشووری کەرکووک، دەیان چەکداری داعش کوژراون و 3 پێشمەرگەیش شەهید بوون، هێرشەکەش تێکشکێندراوە".


لیوا وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركووك لە لێدوانێكدا رایگەیاند: "شەوی رابردوو داعش لەسنووری باشووری كەركووك لە شەش قۆڵەوە هێرشیانكردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام بە پشتبەستن بەوەی پێشتر زانیاریمان لەسەر جموجوڵەكانیان هەبوو توانیمان بەباشی رووبەڕوویان ببینەوە".

پێنج لیوای هێزی پێشمەرگە لەو سنوورەدا هەیە و بەگوتەی لیوا وەستا رەسوڵ: "لەو شەش قۆڵەوە كە داعش هێرشیان تێدا كردبوو، تەنیا لە گوندی موڕە توانیان پێشڕەوی بکەن و گوندەكە بگرن، خۆشبەختانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6-7-2015 توانیمان ئەو گوندە كۆنترۆڵ بکەینەوە".

سەبارەت بە ژمارەی زیانەكانی هێزی پێشمەرگە فەرماندەی میحوەری چواری باشووری کەرکووک رایگەیاند: " 3 پێشمەرگەی لیوای یەك شەهید بوون، 10پێشمەرگەش بریندارن، بەڵام داعش بە دەیان كوژراویان هەیە کە زۆربەیان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكەی هاوپەیمانانەوە بووە".

وەستا رەسوڵ ئەوەشی خستەڕوو : " شەڕەكە بە دووری نزیكەی35 كیلۆمەتر لەسەنتەری شاری كەركووكەوە بووە".











رووداو
Top