هاونیشتمانیان: میلیشیا شیعەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر خورماتوو

هاونیشتمانیان: میلیشیا شیعەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر خورماتوو
خورماتوو‌ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیا شیعه‌كان به‌به‌رده‌وامی له‌سه‌ریه‌تی، وه‌ك هاونیشتمانیان باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن "خورماتوو بوەتە‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕی نێوان سوننه‌ مه‌زهه‌ب و شیعه‌كان، زۆر جاریش پریشكی شه‌ڕی ئه‌وان به‌ر كورد ده‌كه‌وێت".

پشتیوان محه‌مه‌د هاو نیشتمانییەکی خورماتوو دەڵێت: شیعە و سوننە بەکەیفی خۆیان خەڵک دەکوژن، رۆژێکیان لە خواردنگەیەکدا ماتۆڕسوارێک هات و بە ئاشکرا کابرای خاوەن خواردنگەکەی کوشت، جارێکیشیان بەهۆی شەڕی سوننە و شیعە کابرایەکی کورد لەو بەینەدا تیاچوو، کەس خاوەنی ئەم شارە نییە.

لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردو به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كان له‌ خورماتوو هه‌وڵی كه‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیا شیعه‌كان ده‌ده‌ن، له دوا كۆبونه‌وه‌شیاندا بڕیاردراوه هێزه‌شیعه‌كان نابێت له‌ ناوشار و ده‌ره‌وه‌ی شار خاڵی پشکنینیان هەبێت، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی خه‌ڵك دهڕفێنن راده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكرێن، نابێت به‌چه‌كه‌وه‌ بێنه‌ ناوشارو به‌ ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆو جام ڕه‌شه‌وه‌ هاتوچۆ بكه‌ن.

حه‌سه‌ن بارام جێگری مه‌ڵبه‌ندی بازنه‌ی حه‌مرین له‌ خورماتوو راگەیاند: لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک بڕیاردراوە و هەموو لایەنەکان واژۆیان لەسەر کردووە، ئومێد دەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمی هەبێت، ئەگەریش بەرهەمی نەبێت ئێمە خەڵکی خۆمان و شاری خۆمان ناکەینە قوربانی سیاسەت و بەرنامەی هەندێ هێزی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەگەر بەرنامەیەکی خراپیان هەبێت دژی کورد".

به‌پێی ئاماری ئاسایشی خورماتوو له‌وه‌ته‌ی چه‌كداره‌ شیعه‌كان هاتونه‌ته‌ سنووره‌كه‌ 80 كه‌س كوژراوەو‌ 35 كه‌سیش رفێندراوەو‌ به‌پاره‌ ئازادكراون، 25-ی دیكه‌ش بێ سه‌روشوێنن،‌ 70 ته‌قینه‌وه‌ روویانداوه‌، 18 دووكانی هاونیشتمانیان سووتێنراوه‌ 7-ی دیكه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی سووتانی لێكراوه کە‌ بۆكه‌مكردنه‌وه‌ی رووداوه‌كان فه‌وجێكی پۆلیسی فریاكه‌وتنی چه‌مچه‌ماڵ هێنراوه‌ته‌ خورماتوو.

شه‌لال عه‌بدول قایمقامی خورماتوو راگەیاند:بنکەی فەوج و سریەمان هێناوەتە ناوشار و هێزەکانی ئاسایشمان زیادکردووە، هەندێ هێزمان هەبوو کە تێکەڵ بوو ئێمە جیامان کردوەتەوە، هەندێ سنووری شارەکە هەیە هەم لە رووی تەقەمەنی و هەم لەڕووی ژمارەی پێشمەرگەوە هیزمان لەوێ زیادکردووە".

له‌ دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی سلێمان به‌گ و ئامرلی، هێزه‌ شیعه‌كان هاتونه‌ته‌ سنووری خورماتوو، هاونیشتمانیان پێیانوایه‌ له‌وەته‌ی هێزه‌ شیعه‌كان هاتوون كه‌م رۆژ هه‌یه‌ خوێنی دانیشتوویه‌كی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ نەڕژێندرێت.


























رووداو
Top