هەولێر.. کۆبوونەوەی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی کۆتاییهات

 هەولێر.. کۆبوونەوەی پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی کۆتاییهات
پاش کۆبوونه‌وەیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیدا، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند کە، بۆ نووسینەوەی دەستوور و پرسە نیشتیمانییەکانی دیکە بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمیشەوە، باوەریان وایە دەبێ سازان بکرێ؛ لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیشدا ئەم پرسانەیان تاوتوو کردووه‌. هاوکات ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامییش گوتی، ئەوانیش دەیانەوێ کۆی پرسە گرینگ و چارەنووسسازەکان بە سازان یەکلا بکرێنەوە و، کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیش ساز دەدەن.


سەعات 11ی پێشنیوەڕۆپی ئەمڕۆ شەممە، شاندێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان به‌ سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) لە بارەگای مەکتەبی سایسیی یەکگرتوو، لەگەڵ شاندی یەکگرتوو کە لە ئەمیندار و ئەندامانی پێک هاتبوو کۆ بوونەوە، پا کۆبوونەوەیش کە تا نزیکەی سەعات دووی دوانیوەڕۆی خایاند، جێگری سەرۆکی پارتی(نێچیرڤان بارزانی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای بەرزنرخاندنی هەلوێستی ئەمینداری یەکگرتوو، ڕایگەیاند، لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیدا پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و پرسە چارەنووسسازەکانی دیکەمان باس کردوون. هەڵبەت ئێمە باوەڕمان بە پرەنسیپی سازان هەیە و پێمان وایە کە دەبێ تەوافوقێکی وەها کە لە بەرژەوەندیی اهووڵاتینای هەرێمدایە.

(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها دووپاتی کردەوە کە، دەستوور بۆ یەک کەس نانووسرێ بەڵکە بۆ کۆی پێکهاتەکانە و، دەبێ تێیدا بەرژەوەندیی کۆی خەڵکی و لایەنەکان ڕەچاو بکرێ. هەروەها دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە چ دەستوورێک بۆ ئەم گەلە باشە. بەو هیوایەین کە هەمووان بەو شێوەیە لە دەستوور بڕوانن، چونکە ئێمە مەبدەئی دەستوورمان لەبەرچاو گرتووە.
هەر لەو کۆنفرە ڕۆژنامەوانییەدا ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان(محەممەد فەرەج) ڕایگەیاند، باوەڕمان بە سازان لە نێوان لایەنەکاندا هەیە کە کۆی پرسە گرینگ و چارەنووسسازەکانی ئەم هەرێمە لە ڕێگەیەوە یەکلا بکرێنەوە.
هەروەها گوتی، دواتر دانیشتنێکی پێنج قۆڵی ساز دەدەین و بە ڕوونی و وردەکاریی زیاترەوە، بەرەنجامی کۆبوونەوەکە رادەگەیەنین.
Top