شرۆڤەکارێکی کوێتی: ئەگەر هەیە وڵاتانی عەرەبی راستەوخۆ هاوکاری پێشمەرگە بکەن
د.عادل ئەلمەناع، شرۆڤەکار و رۆژنامەنووسی کوێتی راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە کە وڵاتانی عەرەبی هاوکاری ماددی و سەربازیی پێشمەرگە بکەن، چونکە بەڕاستی مەترسی توندئاژۆکان تەنها لەسەر سووریا و عێراق نییە، بەڵکو لەسەر هەموو جیهان هەیە و پێویستە شەڕی دژ بە داعش هەموو جیهان بیکات و رێگری لەوە بکرێت ئەو رێکخراوە شەڕەکە بگوازنەوە بۆ وڵاتانی دیکەی دراوسێی عێراق و سووریا".
سەبارەت بە هاوکاریکردنی راستەوخۆی وڵاتانی عەرەبی بۆ هێزی پێشمەرگە، عادل ئەلمەناع گوتی "ئەو پرسە ئێستا لە نێو حکومەتەکانی وڵاتانی کەنداودا هەیە و بە بۆچوونی من سەرجەم وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ئامادەن پاڵپشتی پێشمەرگە بکەن، چونکە پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و مەترسییەکیش هەیە کە هەموویان کۆدەکاتەوە، بۆیە دەبێت ناوەندێک هەبێت هاوکاری ئەوانە بکەن کە شەڕی داعش دەکەن".
ئەو رۆژنامەنووسە کوێتییە بە دووری نازانێت کە عەرەبستانی سعودیش هاوکاری هێزی پێشمەرگە بکات و گوتیشی "سعودییە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەردەوام شەڕی گرووپە چەکدارەکانی وەکو نوسرە، قاعیدە، ئەنسارولشەریعە و چەندین رێکخراوی دیکەی توندئاژۆی کردووە، ئێستاش کە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە ئارادەیە، هەموو لایەک پێویستی بە پێشمەرگە هەیە و بینیمان لە شنگال و کۆبانێ چی روویدا، بەڵام هێزە کوردییەکان توانیان لەبەرامبەر داعش راوەستنەوە و رێگا لە پێشڕەوییان بگرن".
ئەو شرۆڤەکارە کوێتیە ئاماژە بە کاریگەری سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ وڵاتانی کەنداو ودەڵێت "بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم کاریگەری خۆی هەیە، چونکە جەنابی بارزانی رێزێکی تایبەتی لای وڵاتان هەیە و، هەمووان هەست بە ئێش و ئازاری هەرێمی کوردستان دەکەین، دەشزانین کە ئارامییەک لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو لە دوای رووخانی حکومەتی سەدام حوسێن. دوای دەرکردنی سوپای عێراق لە کوێت لە ساڵی 1991 زانیمان هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە، لەبەرئەوە سەردانەکەی بارزانی کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبوو. بە تایبەت دوای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان داڵدەی سەدان هەزار ئاوارەی داوە".
سەبارەت بە پاڵپشتی دروستکردنی حکومەتی کوردی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە عادل ئەلمەناع گوتی "ئەگەر بەراستی بیڵێم، پێشوازی لە حکومەتی کوردی ناکرێت، چونکە زۆربەی کورد کەوتووەتە تورکیا و ئێران، ئێرانیش بەهیچ جۆرێک رێگا بە دەوڵەتی کوردی نادات. ئەگەر بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەبێت لەسەر دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی، رەنگە ئەوکات کاریگەرتر بێت".
رووداو
