عامر رەفعەت، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە گوڵاڵە: بەهێج جۆرێك قبوڵی ناكەین كەرویەكان بگەڕێنەوە گوڵاڵە
عامر رەفعەت، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە گوڵاڵە راگەیاند، ئەو كۆبوونەوانەی لە سنووری گوڵاڵە لەگەڵ حكومەتی عێراقی ئەنجامدراون ، تائێستا لەسەر ئاستی حیزبی بوون و، پێویستە چیدیكە لەو چوارچێوەیەدا نەمێنێتەوە و كۆبوونەوەكان بە هاوئاهەنگی نێوان لایەنەكان بێت .
عامر رەفعەت ، رەخنەی تووندی لە چەكدارانی گرووپی خوراسانی گرت كە قوتابخانەكانی شارەكەیان رووخاندن و كارەباكەشیان تاڵان و وێرانكردووە .
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی كە پێشتر لە ریزی سوپای عێراقدا بوون و سەر بە عەشیرەتی عەرەبی (كەروی)ن، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە گوڵاڵە گوتی "بەهێج جۆرێك قبوڵی ناكەین كەرویەكان بگەڕێنەوە گوڵاڵە، چونكە رابردوویەكی تاڵمان لەگەڵیان هەیە و، ئەو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەی كە كەروییەكان لە گوڵاڵە تێیدا دامەزرابوون بە فەرمانێكی تاكڕەوانەی نووری مالیكی لەساڵی 2008 دامەزرێندرا و لە عێراقدا نەبووە ناحیە بەڕێوەبەرایەتی پۆلسی هەبێت".
سەبارەت بە گەڕانەوەی خێزانەكانی كوردیش بۆ نێو شارەكە ، عامر رەفعەت گوتی" تائێستا چەند كۆبوونەوەیەك كراوە نەگەیشتوونەتە ئامانج بۆ ئەوەی خەڵكی جەلەولا بگەڕێنەوە، بەڵام زۆرم لا سەیرە بۆچی سەبارەت بە گەڕانەوەی خێزانەكانی كورد رێككەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی بكرێت، مادام ناوچەكە كوردستانییە و ئەمنییەتی لەدەست كوردە، بۆ گەڕانەوەی خێزانەكان پێویست ناكات گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێك بكرێت".
رووداو
