پەیامی سەرۆكی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سی و چوارەمین خولی دەرچووانی زانكۆی سەڵاحەدین
ئەمە دەقی پەیامەکەیە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
مامۆستا بەڕێزەكان
قوتابیانی خۆشەویست
میوان و ئامادەبووانی بەڕێز
خوشك و برا بەڕێزەكانم
جێگهی خۆشحاڵیمه که ئهمڕۆ شایهدی ئاههنگی دهرچوونی پۆلێکی دیکه له قوتابیانی زانکۆی سهلاحهدین دهبین. (34)ـە مین خولی دهرچوونی قوتابیانی ئهم زانکۆیه تۆمارکردنی لاپهڕهیهکی نوێیه له مێژووی سهرکهوتن و شانازییهکاندا و بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی قوتابیانی دەرچووی ئەم خولە دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە گشت مامۆستا بەڕێزەكانی زانكۆی سەلاحەدین بكەم كە لە هەموو بارودۆخێكدا ماندوونەناسانە نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن پەك بخرێت و شوێن پەنجەیان لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەی كوردستانی دیار و بەرچاوە.
مامۆستا و قوتابیانی خۆشەویست
ساڵی خوێندنی ٢٠١٤-٢٠١٥ کە گەلەکەمان تیایدا بەرەوڕووی شەڕێکی داسەپاوی دوژمنێکی دڕندە بۆوە، بەو هۆیەشەوە بە دڵنیاییەوە ئێوەیش ساڵێکی سەختتان بەڕێ کرد، خۆشحاڵم کە دەبینم وێڕای سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە بەرەکانی شەڕ و تێکشکاندنی تیرۆریستان، ئێوەش لە سەنگەرەکانی خوێندندا نەتانهێشت دومنان بە مەرامی گڵاویان بگەن و دەرچوونی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانەکانی کوردستان، سەرکەوتنێکی دیکەی گەلەکەمان بوو بەسەر تیرۆریستاندا، بۆیە هەر لێرەوە دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستایان و قوتابیانی کوردستان دەکەم لە هەموو قۆناخەکانی خوێندندا و شانازییان پێوە دەکەین.
خۆشبەختانە ئێستا ژمارەیەكی زۆری زانكۆ و پەیمانگە و ناوەندی خوێندنی ئاكادیمی لە كوردستاندا هەن و ساڵانە ژمارەیەكی زۆری قوتابی و پسپۆڕ بۆ خزمەتكردنی وڵات پێدەگات. پێویستە قوتابیی كوردستانی بە پەروەردەی نیشتیمانپەروەری و ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان گۆش بكرێت و ئەو بڕوایەی لا دروست بێت كە وڵاتەكەی هیچی لە وڵاتە پێشكەوتووەكان كەمتر نییە و ئامانجی مەزنی پێشكەوتنی وڵاتەكەی و خزمەتكردنی خەڵك بێت لە بەرانبەر كێشە و كەموكورتییەكانی كۆمەڵگە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت. لە بەرانبەریشدا پێویستە هەموو جۆرە ئاسانكاری و كەرستەی خوێندنێكی باش بۆ قوتابیان دابین بكرێت و لە پلانە ستراتیژییەكانیشدا چ لە كەرتی حكوومی و چ لە كەرتی تایبەتدا بوار بۆ كاركردن و سوود وەرگرتن لە پسپۆڕیی قوتابییە دەرچووەكان پێشبینی بكرێت، تا بهپێی پسپۆڕییهکانیان خزمهتی گهل و نیشتیمانهکهیان بکهن و له پێشخستنی وڵاتدا بهشداربن. هیوامان بهتوانای ئهم گهنجانه زۆره و ئومێدی سهرکهوتنیان بۆ دهخوازم.
بهڕێزان..
زانکۆی سهڵاحهددین وهک زانکۆی دایک و هەموو زانکۆکانی دیکهی ههرێم جێگهی بایهخی ئێمهن. له هیچ هاوکارییهک درێغی ناکهین بۆ پێشخستنی ئاستی زانستیی ئهم زانکۆیه، بۆیه هیوادارین ههنگاوی زیاتر ببینین بۆ نوێکردنهوه و گهیاندنی ئاستی زانکۆکانمان به ستاندهره جیهانییهکان.
بهڕێزان..
هەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە كە دواڕۆژی كوردستان زۆر ڕووناكە. لە سایەی ئازایەتیی و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکانمان و خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كوردستان و خوێنی شەهیدان، هەموو جیهان بەڕێز و ستایشەوە دەڕوواننە گەل و وڵاتەکەمان، ئێستا زیاتر لە هەر كاتێك خەڵكی كوردستان ئومێدی بە ئاییندەیە و حەزی لە پێشكەوتنە. كاتی ئەوە هاتووە لەپیناو دابینکردنی ئاییندەیەکی گەش بۆ گەلەکەمان، بڕوامان بەخۆمان بێت و چارەنووس و دواڕۆژی خۆمان بە دەستی خۆمان بنەخشێنین. دەبێ ئەو بڕوایەمان بەهێز بكەین كە دەتوانین هەموو ئاواتەكانمان بهێنینە دی.
دووبارە لە دڵەوە خۆشحاڵم بە دەرچوونتان. پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم. هەر بمێنن بۆ كوردستان.
مسعود بارزانی
سهرۆکی ههرێمی کوردستان
