سامانە سرووشتییەکان: مانگی رابردوو 17 ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەناردەكردووە

 سامانە سرووشتییەکان: مانگی رابردوو 17 ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەناردەكردووە
رۆژی پێنجشەممە 2-7-2015، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راپۆرتی مانگانەی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە مانگی حوزەیراندا بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەكەش مانگی رابردوو 17 ملیۆن و 130 هەزار و 639 بەرمیلی هەناردەكردووە.


بەپێی راگەیێندراوەكە كە وێنەیەكی بۆ گوڵان نێردراوە ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رۆژانە 571 هەزار و 21 بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەکردووە، تێكڕای نەوتی هەناردەكراویش لە مانگی حوزەیراندا دەكاتە 17 ملیۆن و 130 هەزار و 639 بەرمیل.

لەو بڕەش 12 ملیۆن و 740 هەزار و 711 بەرمیلی لە کێڵگە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەكراوە، کە رۆژانە دەکاتە 424 هەزار و 690 بەرمیل، بەشەکەی دیکەشی لە کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور هەناردەكراوە.

هەر لە مانگی حوزەیراندا حکومەتی هەرێنی کوردستان 4 ملیۆن و 493 هەزار و 334 بەرمیل نەوتی لە رێگەی سۆمۆوە هەناردەكردووە، کە رۆژانە دەکاتە 149 هەزار و 778 بەرمیل.

بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كە لە بودجەش جێگیركراوە، پێویست بوو هەولێر مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەتی هەرێمی كوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بداتە كۆمپانیای سۆمۆ، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەتی ناوەندی بەپێی رێككەوتنەكە شایستە داراییەکانی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەناردووە، هەولێر هەناردەكردنی ئەم بڕە نەوتەی لەڕێگەی سۆمۆ رۆژانە بۆ 149 هەزار بەرمیل كەمكردووەتەوە.
Top