ئەمریكا لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كارێكی كەمی پێدەكرێت

ئەمریكا لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كارێكی كەمی پێدەكرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئەلەم پایند بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئۆهایۆ بۆ گوتى: ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لەبەر ئەوەی ئەو گرووپانەی دژی بەشار ئەسەدن و ئەو گرووپانەی دژی حكومەتی عێراقن- حكومەتێك كە شیعەكان زاڵن بە سەریدا- ناڕازین. من لێرەدا باسی داعش ناكەم. باس لەوە دەكەم كە سوننەكان هەم لە سووریاو هەم لە عێراق لە حكومەت ڕازی نین، واتە خێڵە سوننەكان و سوننەكانی دیكەش لە هەردوو رژێمەكە ڕازی نین، هەم لە ڕژێمی عەلەوی و هەم لەو رژێمەی كە میلیشیاكانی شیعەن و ئێران پاڵپشتییان دەكات. تا ئەم زەمینەیەش هەبێت، ئەوان ڕاستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ، لە پشتیوانیكردنی داعش بەردەوام دەبن. ئەمە واقیعەكەیە كە دەبێت گۆڕانكاری تیا بكرێت، بەڵام هیچ شتێك نەگۆڕاوەو هیچ شتێك لە هەردوو حكومەتەكەی سووریاو عێراق نەگۆڕاوە. هێشتا حكومەتێك لە عێراقدا هەیە كە شیعەكان زاڵن بەسەریدا، هێشتا لە سووریا حكومەتێك هەیە كە عەلەوییەكان و سوپا زاڵن بەسەریدا. كەواتە هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە.


ئەلەم پایند هەروەها گوتی: ئێران پشتیوانی بەشار ئەسەدی عەلەوی دەكات لە سووریا، ئێران پاڵپشتی حكومەتی شیعە دەكات لە عێراقداو ئێران پشتگیری حوسییەكان دەكات لە یەمەن، ئەمە ئێستا زۆر ڕوونەو ئەوان بە ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ پێكدا دەدەن. كەواتە تاوەكو ئەم واقیعە نەگۆڕێت و تاوەكو سیاسەتی ئێران و سیاسەتی بەشار ئەسەد و سیاسەتی حكومەتی عێراق بەردەوام بێت، ئەوا سوننەكان خۆشحاڵ نابن و بە ڕاستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لەو گرووپانە دەكەن كە بەرهەڵستی ئەم رژێمانە دەكەن. واتە ئەو واقیعە ئەو دۆخەیە كە لە یەمەن و سووریا و عێراقدا هەیە، كەواتە واقیعەكە لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵی ڕابردوودا نەگۆڕاوە.


شايانى باسه پایند هەروەها گوتی: ئەمریكا دەتوانێت كارێكی كەم بكات، دەتوانێت هێرشی ئاسمانی بكات و تەنانەت ئەگەر هێزی زەمینیش بڵاو بكاتەوە، هێشتا ناتوانێت واقیعەكە بگۆڕێت. واقیعەكە ئەوەیە سوننەكان ڕازی نین، گەندەڵی لە حكومەتدا لە ئارادایەو بە ملیۆنەها هاووڵاتی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووەو بوونەتە پەنابەر لە ئەردەن و توركیاو دەوڵەتە دراوسێكانی دیكە، زۆرینەی ئەو خەڵكانەی لە نەهامەتیدان، شیعە نین، بەڵكو سوننەن. كەواتە تاوەكو ئەم ناڕازیی بوونەی سوننەكان بەردەوام بێت، ئەوا پشتیوانی داعش دەكەن، ئەگەرچی لەگەڵیشیدا نەبن، چونكە پێیانوایە شەڕ لەگەڵ حكومەتی شیعەی عێراق و حكومەتی شیعەی عەلەوی لە سووریاو دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا دەكات. كەواتە تاوەكو ئێران و ئەمریكا پشتیوانی حكومەتەكە بكەن، بەتایبەتی لە عێراقدا، كە لێرەدا بەرژەوەندی و دەستڕۆیشتویی ئێران و ئەمریكا هاوشێوەیە، بەڵام لە سووریادا جیاوازە. بۆیە تاوەكو داینامیكیەتی سوننەو شیعە بەردەوام بێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەلەم گوتی: دۆخی كورد جێی داخەوە، ئەوان لەو نێوەندەدا گرفتار بوون و لەلایەن حكومەتەكانی عێراق و سووریا و و ئێران و توركیاوە پشتیوانی ناكرێن، هەروەها كوردی عێراق و كوردی سووریا و كوردی توركیا و كوردی ئێران هەن كە بەسەر ئەم چوار وڵاتەدا دابەش بوون. لەبەر ئەوە هەر كەسێكی دیكە لە جێی كورد بووایە، خوازیاری خۆبەڕێوەبەری دەبێت، كە ئێستا لەم وڵاتانەدا ئەمە ڕوونادات. لە ڕاستیدا ئەمە تەنيا بەسەر كوردەكاندا جێبەجێ نابێت، بەڵكو فەلەستینیەكانیش بەم شێوەیە گرفتار بوون، كەواتە كەسانێك هەن كە بوونەتە قوربانی و كەس بایەخ بە كێشەی كوردو كێشەی فەلەستین نادات، پێمان خۆش بێت، یان نا، ئەمە بەرەو خراپتر دەچێت. بۆیە دەبێت ئەم خەڵكانە ڕێگەی خۆیان بدۆزنەوە لەو كێشەی ئاڵۆزەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی بوونەتەوە.




بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1032)

Top