پێدانى زه‌وى به پێشمه‌رگه شه‌هیده‌كان ده‌بێته بڕیار
فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، وته‌بێژى فه‌رمى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئاشكراى كرد، تا ئێستا ته‌نیا بڕیاردراوه هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كى شه‌هیدى ده‌ستى داعش، پارچه زه‌وییه‌ك به كه‌سوكار و خێزانەكه‌ى بدرێ و گوتی: ” ئه‌و بڕیاره تا ئێستا ته‌نیا بۆ شه‌هیدانه و برینداره‌كان ناگرێتەوە، ئه‌گه‌ر بێت و بڕیاره‌كه بۆ برینداره‌كانیش بێت، ئه‌وا ته‌نیا له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه ئه‌و بڕیاره بدات“.
به‌پێى دوا ئامارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، زیاتر له 1300 پێشمه‌رگه له شه‌ڕى داعش شه‌هیدبوون. جه‌بار یاوه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه دا، بۆ پێدانى زه‌وى بە کەسوکاری شەهیدەکان، ژماره‌و ناوى شه‌هیده‌كان ڕه‌وانه‌ى شاره‌وانییه‌كان ده‌كرێن و دواى دیاریكردنى پارچه زه‌وى بۆیان و یه‌كلابوونه‌وه‌ى، ئه‌وا بەپێی بڕیارەکە، هه‌ر شه‌هیدێك پارچه زه‌وییه‌كى پێ ده‌درێ.
به‌ڵام د.فرسه‌ت سۆفى، په‌رله‌مانتارى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه دا، کە له نامه‌یه‌كیاندا بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، داوایان كردووه پێشمه‌رگه بریندارانه‌کانی شه‌ڕی داعش‌یش، هه‌ریه‌كه و پله‌یه‌كیان بۆ به‌رز بكرێته‌وه، بۆ ئه‌وانه‌شی كه به‌شێكی جه‌سته‌یان له ده‌ست داوه، دوو پله به‌رز بكرێنه‌وه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه بریندارانه‌ش كه به‌شێكی جه‌سته‌یان له ده‌ست داوه، جا چاو بێت، یان ده‌ست، یان قاچ، هاوكارییه‌كی باشی دارایی بكرێن، به‌ڵام بە مەرجێ دادپه‌روه‌رى هه‌بێ. چونكه ناکرێ كه‌سێك کە ته‌نیا پارچه‌یه‌كی بچووكی به‌ركه‌وتبێت ملیۆنێك دینار وه‌ربگرێت، كه‌سێكیش کە هه‌ردوو قاچی، یان هه‌ردوو چاوی له ده‌ست دابێت، هه‌ر یه‌ك ملیۆن وه‌ربگرێت.
گوتیشى: ” ئه‌وه‌ی ئێستا له هه‌مووی زیاتر پێشمه‌رگه ئازار ده‌دات، بوونى خه‌ڵكانێكه كه له هه‌موو ژیانیان سه‌نگه‌ریان نه‌بینیووه و چه‌كیان نه‌كردووەته شان، بگره به‌شێكیان هه‌ر له‌م وڵاته ناژین، کەچی مووچه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیش وه‌رده‌گرن و به‌شێكیان پله‌ی سه‌ربازیشیان پێدراوه“.
به‌پێى زانیارییه‌كانى (باس)، ئێستا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هێزى زێره‌ڤانى، له هه‌وڵى ئه‌وه دان پاكسازى له ڕیزه‌كانیاندا بكه‌ن و ئه‌و پاسه‌وان و كه‌سانه له ڕیزه‌كانى پێشمه‌رگه بسڕنه‌وه، كه ده‌وام ناكه‌ن و به بندیوار ناسراون. بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تیان پێكهێناوه.
لای خۆیەوە، جه‌بار یاوه‌ر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرد، كه ئه‌و دۆسیه‌یه، ته‌نیا په‌یوه‌ندى به هێزه‌كانى زێره‌ڤانییه‌وه هه‌یه، نه‌ك وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه.
لاى خۆیشیەو، د.فرسه‌ت سۆفى ئاماژه‌ى به‌وه دا، جێگاى دڵخۆشییه كه لێژنه‌یه‌ك پێكهاتووه و ده‌یه‌وێ پاكسازی له پاسه‌وانی به‌رپرس و بندیواره‌كان بكات، به‌ڵام جێی سەرنجە کە ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌م لیژنه‌یه پێك هاتووه و ئه‌نجامى كاره‌كانیشى دیار نین.
هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له هێزه‌كانى زێره‌ڤانى، جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرد، كه لیژنه‌كه له كارى خۆى به‌رده‌وامه و كاتێك كاره‌كانى ته‌واو بوون، بڕیاره‌كان ده‌درێن و ئەنجامەکان ڕاده‌گه‌یه‌نرێن.
باس
