مەسرور بارزانی: ده‌بێت بەغدا ئەركە دەستوورییەكانی بەرامبەر پێشمەرگە جێبەجێ بكات

مەسرور بارزانی: ده‌بێت بەغدا ئەركە دەستوورییەكانی بەرامبەر پێشمەرگە جێبەجێ بكات
شاندێكی كۆنگرێسی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی بەرپرسی لێژنەی ئامادەكاریی سەربازی، سەردانی ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیان كرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 2015-06-29، “مەسرور بارزانی”، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی “ڕۆبێرت ویتمان”، بەرپرسی لێژنەی ئامادەكاریی سەربازی لە ئەنجومەنەكە كرد كە لە ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سەربازی پێكهاتبوون.

لە دیدارێكدا كە بە ئامادەبوونی كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر بەڕێوەچوو، دوا پەرەسەندنە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكانی ناوچەكە خرایە بەرباس و شاندی میوان سوپاسی قارەمانێتی هێزەكانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانیان كرد و سەرۆكی شاندەكەی كۆنگرێس ڕایگەیاند: “ئێمە ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە و سەركردایەتیی سیاسی‌ی هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕوبوونەوەی شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و بۆ دووپات كردنەوەی دۆستایەتیمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، وەك بەشێك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێرەین”. دووپاتیشی كردەوە، هەرێمی كوردستان لە ناو كۆنگرێس و خەڵكی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا پشتگیریی زۆری هەیە.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی، وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان دووبارە كردەوە، بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی كوردستان لە شەڕی داعشدا و ڕایگەیاند: “پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە مەسەلەی دابین كردنی چەك و پێداویستییەكانی ئەم شەڕەدا، زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە ئەم شەڕە بە تەنها شەڕی كوردستان نییە، بەڵكو شەڕی هەموو هێزەكانی جیهانی ئازادە”.‌

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، باسی لە ژمارەی شەهید و بریندارانی هێزی پێشمەرگە كرد و ڕوونی كردەوە، دواكەوتنی پێداویستییە سەربازییەكان بۆ هەرێمی كوردستان، كاریگەری بە سەر بەرزبوونەوەی ژمارەی شەهید و بریندارەكان‌ دەبێت. ڕاشیگەیاند: “دەبێت حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ئەركە دەستوورییەكانی بەرامبەر هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات”.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا هەردوولا بە تێروتەسەلی باسیان لە كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر كرد و هاوڕابوون كە پێویستە بە پێی دەستوور و ڕێككەوتنەكان، هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان بدرێت، بەتایبەتیش ئێستا ئەولەویەت شەڕی تیرۆریستانی داعشە.












باسنيوز
Top