سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا دەكات
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سەرسامیی خۆیان بەرانبەر ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان نیشان دا کە توانیویانە سەرباری ئەو هەموو تەحەدیاتەی کە هەیە لە شەڕی تیرۆریستاندا سەرکەوتن وەدەست بهێنن و دوژمنێکی وەک داعش تێک بشکێنن و سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماویش لە پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق ئێستا لە کوردستان ژیانێکی ئارام و دوور لە مەترسییان بۆ دابین کراوە. شاندی میوان ڕایانگەیاند کە شەڕی تیرۆریستانی داعش شەڕێکی قورسە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهەموو شێوەیەک هاوکاریی کوردستان بکات و هەروەها ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانییان کرد لە سەرکردایەتییکردنی پڕۆسەی سیاسی و شەڕی تیرۆریستانی داعش.
شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە شاندەکە پێزانینی زۆریان بۆ پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان هەیە و هەوڵی خۆیان خۆیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە و پشتیوانییکردنی زیاتری کوردستان، دەخەنەگەڕ و تێگەیشتنی تەواویشیان هەیە بۆ هاوکارییکردنی کوردستان لەپێناو بەرەوڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییاتانەی لەڕووی ئابووری و سەربازی و ستراتیژییەوە لەئارادان و دوای گەڕانەوەشیان لەگەڵ هاوڕێکانیان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەوڵ دەدەن زۆرترین پشتیوانی و هاوکاریی بۆ کوردستان دەستەبەر بکەن تا لە شەڕی دژی تیرۆر و بەهاناوەچوونی ئاوارەکاندا هاوکاریی کوردستان بکەن.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە. سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، قسەی بۆ ئەندامانی شاندەکە کرد و ڕایگەیاند کە هەرچەندە تیرۆریستان توانیویانە زیانی زۆر بە ئارامیی و سەقامگیریی ناوچەکە بگەیەنن بەڵام بەدڵنیاییەوە هیچ داهاتوویەکیان نییە.
لە کۆتاییدا شاندی میوان ڕایانگەیاند کە ئەوان بڕوای تەواویان هەیە کە کوردستان لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی داهاتوویەکی گەشی دەبێت و دەتوانێت و بەسەر هەموو تەحەدیاتەکاندا سەرکەوێت و لەو پێناوەشدا ئەوان پشتگیریی تەواوی کوردستان دەکەن.
باسکردنی ڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و داهتووی عێراق، تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون.
