کەرکووکی: بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، ھەولێر دەتوانێ چەک تەقەمەنی و لە ئەمەریکاوە بەدەست بێنێت
بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک-دوبز دکتۆر (کەمال کەرکووکی) رایگیەیاند، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێ چەک و عیتاد و ڕاھێنان، ڕاستەوخۆ لە ئەمەریکاوە بەدەست بێنێت بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی بەغدا، هەڵبەت ئەمەیش بە پشتبەست بە یاسای ژمارە (١٢٠٨)ی ساڵی(٢٠٠٤)ی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە ساڵانە لەگەڵ بودجەی ئەمەریکا تازە دەکرێتەوە و، تایبەتیشە بە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاوە."
(کەمال کەرکووکی) گوتیشی، یاسای ژمارە (١٢٠٨)ی ساڵی (٢٠٠٤) کە ساڵانە لەگەڵ بودجەی وەزارەتی بەرگری تازە دەکرێتەوە و لە ناو بودجەی ئەمەریکا بڕیاری لەسەر دەدرێت، دەستەڵاتی ڕاستەوخۆ دەداتە پنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری)ی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو گرووپ و ھێزانەی کە دژی تیرۆریستان لە شەڕدان بەتایبەت لە عێراق و لە ئەفغانستان، ڕاستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ ڕێپێدانی حکوومەتی وڵاتەکەیان مامەڵە بکات.
بە بۆچوونی ئەو بەرپرسە، ئەم یاسایە دەرگایەکی گرینگە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەدەستھێنانی چەک و پێداویستیی سەربازی و ڕاھێنانی پێویست بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی حکوومەتی ناوەندی ئەو وڵاتانەی کە لە حاڵەتی شەڕدان لە دژی تیرۆریست.
