ململانێی ناتەندروستی حزبەكان لە كۆماری چوارەمدا، فەرەنسای دووچاری قەیران و كارەسات كرد

ململانێی ناتەندروستی حزبەكان  لە كۆماری چوارەمدا، فەرەنسای دووچاری قەیران و كارەسات كرد
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر پیتەر سیاڤێڵس بەڕێوەبەری دیراساتی وڵاتانی ئەمریكای لاتین بۆ گوتى: هیچ دیموكراسییەكی هاوچەرخ نییە كە پرۆسەی نوێنەرایەتیكردن بە بێ بوونی پارتە سیاسییەكان پیادە بكات، تەنانەت ئەگەرچی لە ڕووی تیۆرییەوە دەكرێت دیموكراسیت هەبێت، بە بێ بوونی پارتی سیاسی، بەڵام ئەو ئەركانەی پارتە سیاسییەكان پێی هەڵدەستن، وەك نوێنەرایەتیكردن و هاندانی سیاسی و دیاریكردن و دەستنیشانكردنی كاندید و پێوەندی سیاسی- كە هەموو ئەوانە گرنگییەكی بنەڕەتییان هەیە بۆ هەڵسووڕانی دیموكراسی-، هیچ كەس نەیوتووە دەكرێت ئەم ئەركانە بە ڕێگەیەكی دیكە جگە لە بوونی پارتە سیاسییەكان ئەنجام بدرێت. كەواتە ئەگەرچی پارتە سیاسییەكان كێشە بخوڵقێنن، ئەوا ئەو كێشانەی چارەسەری دەكەن، گرنگترن بۆ دیموكراسی لەو كێشانەی دەیخولقێنن.


پیتەر سیاڤێڵس هەروەها گوتی: لە جیهاندا ڕوویداوە كە پارتە نادیموكراتیەكان بە تێپەڕبوونی كات گۆڕاون بۆ پارتی دیموكراتی، وەك پارتی كۆنگرێسی هیندستان.كە ئێستا ئەو پارتانە لە سیستمی دیموكراسی وڵاتەكەیاندا هەڵدەسووڕێن. دەكرێت لەو وڵاتانەی ئێوە ئاماژەتان پێكرد ڕەوتی گەشەكردن بە ئاڕاستەی ڕاستدا بڕوات و مایەی ئومێد بێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو پارتە سیاسییانە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێت بەرەو فۆرمێكی حكوومیی دیكە كە پتر دیموكراسی بێت. ئەگەرچی لەو وڵاتانەی ئێوە ئاماژەتان پێكرد، نابینم ئەمە ڕووبدات.

شايانى باسه سیاڤێڵس هەروەها گوتی: دۆزینەوەی هێڵێك لە نێوان نوێنەرایەتیكردن و پۆپۆلیزمدا زۆر زەحمەتە، لەبەر ئەوەی سەركردە پۆپۆلیزمیەكانیش هەوڵدەدەن سوود لەوە وەربگرن كە خەڵك كۆمەڵگە داوای دەكات. كەواتە ئەو كاتە ئەو هێڵە تێدەپەڕێندرێت كە میتۆدی پۆپۆلیستی بەكار بهێنرێت لە كاتێكدا سنووربەندی بخرێتەسەر پارتە سیاسییەكان، یان بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە، ئەو كات دۆخەكە زەحمەت دەبێت، من لێرەدا حاڵەتی فەنزویلام لەبەرچاوە كە هۆگۆ شافێز كە وەڵامی خواست و پێداویستییەكانی خەڵكی دایەوە، بەڵام زەحمەت بوو – لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا- موعارەزە دروست بێت. لەم كاتەدا پۆپۆلیزم مەترسی دەبێت بۆ سەر دیموكراسی، بەڵام خودی پۆپۆلیزم خۆی لە خۆیدا مایەی مەترسی نییە، لەبەر ئەوەی لە هەموو جیهاندا هەیە و تەنانەت من بە قوتابیەكانیشم دەڵێم كە سارا پایلین لە ئەمریكا سەركردەیەكی پۆپۆلیستیە.

لە كۆتایی قسەكانیدا پیتەر گوتی: ئەو وڵاتەی توێژینەوەم لەبارەوە كردووە كە چیللی-یە لە ماوەی قۆناغی ڕاگوزەری بەرەو دیموكراسی لە حوكمڕانیی دیكتاتۆرییەوە لە سەردەمی پینۆشێ-دا، لەو كاتەدا 17 پارتی سیاسی هەبوون لە سەرەتای دەستپێكی دیموكراسیدا، بەڵام توانییان لە ڕێی سەركردایەتی و لە ڕێی بنیادنانی دامەزراوەكانەوە بگەنە فۆرمێك لە بنیادنانی كۆدەنگی بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی كاتی جیاوازیەكانی ئەو پارتانە بخەنەلاوە لە پێناوی دیموكراسیدا، پێموایە ئەوە زۆر گرنگە. هەمیشە ناكۆكیی سیاسی ڕوودەدات، بەڵام ئەمە پێویستی بە پێگەیشتوویی سیاسی و بنیادنانی كۆدەنگی هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لەوەی ناكۆكی نێوان ئەو پارتە سیاسییانە لەسەر ئایندەی دیموكراسی كاریگەری نەبێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1032)

Top