بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نیگەرانییەكانی ئەمریكا بڕەوێننەوە
رایان گریفس هەروەها گوتی: سیاسەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتێك نییە بیەوێت مەسەلەكان تا ئەوپەڕی سنوور ببات، ڕەنگە بارزانی و راوێژكارەكانی لە پشت پەردەوە ئەو كارە بكەن، بەڵام وتاری گشتی بەم شێوەیە نییە و من دڵنیا نیم لەوەی كە پێویستە وابێت، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر من لە جێی ئەوان بوومایە و خوازیاری سەربەخۆیی بوومایە، ئەوا بە ئاشكرا نەمدەوت، لەبەر ئەوە دەبێت زۆر وریا بن و زۆر ژیرانە هەنگاو هەڵبگرن لەو كێلگە سیاسییەدا، بەتایبەتی بەهۆی ئەو پرسانەی ئاماژەتان پێكرد، كە دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەكان زۆر موحافیزەكارن و دەیانەوێت ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە بیپارێزن و هەندێ دەوڵەتیش نیگەرانن لەم بارەیەوە، چونكە پێیانوایە ئەمە كاریگەریەكی دۆمینەئاسای هەبێت، لەبەر ئەوە دەبێت ئەوەندەی دەكرێت ئەو نیگەرانییانە كەم بكەنەوە.
لە پرسایێكی گۆڤاری گوڵان دەربارەی ئێران، كه ئایا پێتوایە رۆڵێكی ناسەقامگیركار لە ناوچەكەدا دەبینێت؟ لە وڵامدا ناوبراو گوتی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە پێم وایە، نەك لەبەر ئەوەی ئێران پەرە بە حوكمڕانییەكی تیوكراتی دەدات، من لەو بارەیەوە دڵنیا نیم، ڕەنگە ئەمە هەندێ بارگرژی دروست بكات لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەدا. بەڵام ئەگەر ئێران لە ڕووی ئەتۆمییەوە پەرە بە تواناكانی خۆی بدات، ئەوا دەبێتە مایەی ناسەقامگیری، چونكە ئەگەر بتوانێت ڕەدعی ئەتۆمی بەدەست بێنێت، ئەوا پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن دروست دەكات، ئەوەش بەلای منەوە مایەی كێشە دەبێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1032)
