به‌غدا كێشه‌ بۆ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم دروست ده‌كات، ده‌بێت هه‌رێم هه‌موو رێگه‌ یاساییه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌

به‌غدا كێشه‌ بۆ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم دروست ده‌كات، ده‌بێت هه‌رێم هه‌موو رێگه‌ یاساییه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پشتگیری ته‌واو له‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام پێویسته‌ به‌ ته‌واوی مانا شه‌فافییه‌تی تیادا بێت و ناوی سه‌رجه‌م كۆمپانیا پشكداره‌كان ئاشكرا بكرێن و رێژه‌و خاوه‌ندارێتی پشكه‌كان روون بن، ده‌شڵێت: "به‌غدا كێشه‌ بۆ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم دروست ده‌كات، ده‌بێت هه‌رێم هه‌موو رێگه‌ یاساییه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌".

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "به‌ته‌واوی ماناو پشتگیری له‌ فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كه‌م".

وتیشی: "به‌ مه‌رجێك ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌ته‌واوی مانا شه‌فافیه‌ت هه‌بێت سه‌رجه‌م ناوی كۆمپانیا پشك داره‌كان ئاشكرا بكرێت و رێژه‌ی پشكه‌كان و خاوه‌ندارێتی پشكه‌كان ئاشكرا بكرێن، هه‌روه‌ك سه‌رجه‌م داهاتی نه‌وت وبڕی هه‌نارده‌و ده‌رهێنان و نرخی نه‌وت بۆ په‌رله‌مان ئاشكرا بكرێن".

روونیشیكرده‌وه‌: سیاسه‌تی مالی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی بكرێت و ساڵانه‌ ستراتیجیه‌تی بودجه‌ دابڕێژرێت و له‌ په‌رله‌ماندا ده‌نگی بۆ بدرێت بۆ پابه‌ندی حكومه‌ت به‌و ستراتیژه‌وه‌، هاوڵاتیانی هه‌رێمیش به‌شدار بكرێن له‌پشكی كۆمپانیاكان و نه‌هێڵرێت حیزبه‌كان قۆرخی پشكه‌كان بكه‌ن.

وتیشی: "بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكات:

1- فرۆشتنی نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆیی له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ عیراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵی ناكات، بۆیه‌ په‌نا ده‌باته‌ بۆ سكاڵای یاسایی ده‌بێت هه‌رێم ئه‌وه‌ی یه‌كلایی كردبێته‌وه‌ كه‌ له‌ رووی یاسایه‌وه‌ هه‌رێم سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و نابێت هیچ ئه‌گه‌رێك به‌جێبهێڵرێت و یه‌ك بۆشایی یاسایی دووچاری گرفتی گه‌وره‌مان ده‌كات.
2- خستنه‌بازاڕی بڕێك نه‌وتی زۆر له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ مونافه‌سه‌و كێبڕكێه‌كی نرخی دروست ده‌بێت له‌گه‌ڵ عیراق و ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو و ده‌وڵه‌تانی ئۆپێك و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپێك، ده‌بێت هه‌رێم له‌ئاست ئه‌و ململانێیه‌دا بێت ئه‌گینا ئه‌وه‌ی بنیاد نراوه‌ له‌ده‌ستی ده‌ده‌ین.
3- یه‌كڕیزی ماڵی كورد زه‌مانه‌تی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرسه‌یه‌یه‌، چونكه‌ یه‌ك درز له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان رێسه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ خوری.
4- فه‌راهه‌مكردنی كۆمپانیای كڕینی نه‌وت كه‌ده‌بێت دڵنیابین هه‌موو كۆمپانیایه‌ك بۆ قازانج هه‌وڵده‌دات نابێت كارێك بكرێت ئه‌و كۆمپانیانه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن.
5- نابێت له‌ مونافه‌سه‌ی نرخدا كۆمپانیاكانی كڕینی نه‌وت ئیستغلالی بارودۆخی ناله‌باری هه‌رێم بكه‌ن كه‌به‌ هه‌ڕاج نه‌وتیان پێبدرێت.
6- ده‌بێت هه‌رێم ئه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان زامن بكات كه‌ ده‌توانێت به‌شی بودجه‌و قه‌رزی كۆمپانیاكانی نه‌وت ده‌ربهێنێت و هه‌نارده‌ی بكات.
7- ده‌بێت هه‌رێم دڵنیابێت له‌وه‌ی ده‌توانێت سه‌رجه‌م پاره‌ی فرۆشراوی نه‌وت بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم وموجازه‌فه‌ به‌م پرسه‌وه‌ نه‌كات.
8- ده‌بێت هه‌رێم دڵنیابێت له‌ دروست نه‌كردنی كێشه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌قلیمیه‌كانی تر و به‌تایبه‌ت هاوپه‌یمانه‌كانی عیراق.
9- سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی ده‌رهێنان وهه‌نارده‌و فرۆشتن به‌زوترین كات یاسایان بۆ ده‌ربچوێنرێت.
























خه‌ندان
Top