عیماد ئەحمەد: کاندیدمان بۆ سکرتێری یەکێتی دیاریکردووە
عیماد ئەحمەد، گوتەبێژی فەرمی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: یەکێتی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی داوە و بۆ یەکلاکردنەوەی کۆتایی کارەکانی کۆنگرە ئێمە لیژنەی کۆنگرەمان پێکھێناوە, بەڵام ئەو لیژنەیە کاتی کۆنگرەی دیاری نەکردووە, ڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بەبارودۆخی ھەنووکەیی کوردستانەوە ھەبێت, ھەرچەندە کۆبوونەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەردەوامە. ئێمە بۆ ئایندە لەسەر چۆنیەتی ڕێکارەکانی بەستنی کۆنگرە کۆدەبینەوەو گفتوگۆی فراوانی لەسەر دەکەین“.
عیماد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کە دواخستنی کۆنگرە ”پەیوەندی بەکۆمەڵێک بابەتی ھەستیارەوە ھەبووە ھەرچەندە ئێستا ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەڕێکی نەخوازراو بووەتەوە و بێگومان شەڕی تیرۆرستانی (داعش) ھۆکاربووە بۆ دواخستنی کۆنگرە چونکە بەستنی کۆنگرە پێویستیی بە کەشێکی ئارام وسەقامگیرە“.
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گەشبینە بەوەی ئەگەر حزبەکەی لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنگرە بەستێـت ئەوا ”ئەو کۆنگرەیە تەواوی کیشەکانی یەکێتی چارەسەردەکات“ و دەڵێت:” بەستنی کۆنگرە زەڕوڕەتێکی گرنگە بۆ ڕێکخستنەکانی یەکێتی, ئەگەر یەکێتی لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنگرە ببەستێ دڵنیام کێشەکانی یەکێتی چارەسەردەبێت“.
دەربارەی کاندیدێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی, عیماد ئەحمەد گوتی:”ئێستا تەندروستی ھەڤاڵ مام جەلال بەرەو باشبوون دەڕوات، بۆیە ئێمە لەکاتی بەستنی کۆنگرەدا بەڕێز مام جەلال کاندیدی پۆستی سکرتێری گشتی دەکەینەوەو ھەر ئەو دەکەینەوە بە سکرتێری گشتی، چونکە ئێستاش یەکێتی پێویستی بە مام جەلال ھەیە و دەمانەوێ ھەڤاڵ مام جەلال بکرێتەوە بەسکرتێری گشتی“.
باسنیوز
