وەزیری پەروەردە مژدە دەداتە منداڵانی شەھیدانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش

وەزیری پەروەردە مژدە دەداتە منداڵانی شەھیدانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەک وەفاداری بڕیارمان داوە بەبێ بەرانبەر نزیکەی (٣٠٠٠) سێهەزار کورسی بۆ منداڵانی شەھیدی شەڕی بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش ڕابگه‌یێنین کە قوتابخانەکانی سابیس و سیستمی ئینگلیزی و خوێندنی ئەھلی دەگرێتەوە و تەنانەت ھەر شوێنێک ئارەزویان لێ بێت ئازادن کە لەوێ درێژە بە خوێندن بدەن.

بەپێی ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی پەروردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تێدا ھاتووە، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی (٢٧/٦/٢٠١٥)ـی زایینی, وەزیری پەروەردە (د. پشتیوان سادق) لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای کەرکووک لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی پەروەردەی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی ھۆڵەکانی ئەزموونی کۆتایی ساڵی پۆلی ۱۲ـی ئامادەییی بەسەر کردەوە.

بەپێی ڕاگەیێنراوەکە، دواتر بۆچوونی قوتابیان لە چۆنیەتیی پرسیارەکان وەرگیرا و ئەوانیش نیگەرانیان لە کێشەکانیان و زەحمەتبوونی پرسیارەکان دەربڕی و وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد جگە لە دابینکردنی پێداویستییەکان ئەوەی لە توانادا بێت لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراق دەیکات لە پێناو چارەسەری کێشە و ھەروەھا ھەوڵی تەواو دەدات بۆ یەکخستنەوە و سەرپەرشتیکردنی ئەزموونەکان لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمەوە.

لە ڕاگەیێنراوەکەدا ھاتووە، وەزیری پەرەوەردە مژدەیەکی بەخشیە منداڵانی شەھید و گوتی، چی بۆ بنەماڵەی شەھید بکرێت ناکاتە دڵۆپێک لە خوێنی شەھیدەکانیان، بەڵام وەک وەفاداری بڕیارماندا نزیکەی(٣٠٠٠) سێ ھەزار کورسی خوێندن بێ بەرامبەر بێت بۆ منداڵانی شەھیدی شەڕی بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش کە قوتابخانەکانی سابیس و سیستمی ئینگلیزی و خوێندنی ئەھلی دەگرێتەوە و تەنانەت ھەر شوێنێک ئارەزویان لێ بێت ئازادن کە لەوێ درێژە بە خوێندن بدەن.

جێی ئاماژەیە، لە بەشی زانستیدا ٢٣٢٦، وێژەیی ١٢٦٤ و، پیشەیی ٨٢ قوتابی بەشدارن کە پێکەوە دەکاتە ٣٦٧٢ قوتابی و خوێندکار و دابەش بوونە بەسەر ٣١ ھۆڵی تاقیکردنەوە.
Top