لەناو کۆبانێ شەڕو پێکدادان ڕوويدا
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی پاراستنی گەل (یەپەگە)، داوا لەھاوڵاتیان کراوە تەنھا لەماڵەکانیان خۆیان بپارێزن، تا ئەوکاتەی شەڕڤانانی یەپەگە کاری خۆیان دەکەن.
لەبەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، ئەو پەلامارەی چەکدارەکانی داعش بۆسەر کۆبانێ، لەتورکیاوە دەستی پێکردووەو سەربازەکانی تورکیاش ھاوکاریی چەتەکانی داعشیان کردووە بۆ ئەو پەلامارە.
لای خۆیشیەوە فەتحوڵڵا حوسێنی ئەندامی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان كوتي: لەئێستادا پێکدادان بەردەوامە، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە دەستی بەئۆپەراسیۆن کردووە".
وتیشی:"ئەو چەکدارانەی داعش کە پەلاماری کۆبانێیان داوە، ڕەنگە دەربازبوونیان قورس بێت، چونکە تەنھا سنوری تورکیایان بۆکراوەتەوەو سێ لایان لێگیراوە".
بەگوێرەی ئەو زانیاریانە، سەرەتای پەلامارەکەی داعش بۆسەر کۆبانێ بەتەقاندنەوەی ماتۆڕسکیلێک دەستی پێکردووەو دواتر بەھاوکاری سەربازانی سوپای تورکیا دەستیان بەپەلامارەکەیان کردووە بۆناو کۆبانێ.
لەلایەکی تریشەوە میدیاکانی نزیک لەپارتی کرێکارانی کوردستان وایان بڵاوکردۆتەوە، ئەو چەتانەی داعش بەجلوبەرگی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)وە ھاتوونەتە سنوورو دواتریش تەقینەوەکەیان ئەنجامداوەو چوونەتە ناو کۆبانێ.
ئەوەش زانراوە چەتەکانی داعش سەرەتا چوونەتە چوار گەڕەکی کۆبانێ، لەئێستادا بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، سێ گەڕەکیان لێ پاکراوەتەوەو لەتەنھا گەڕەکێکداو لەناو یەکێک لەو خوێندنگانەی کە سەرلەنوێ نوێکرابووەوە پێکدادانی قورس بەردەوامە.
