فازڵ میرانی: رووداوەکەی دوێنێی پەرلەمان خوێندنەوەیەکی نادروست بوو بۆ سیاسەتی هەرێم
ئەمڕۆ لە پیرمامدا (فازڵ میرانی) سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە (ئانگەس مێکەی) کۆنسووڵی بەریتانیا لە هەوڵێر و شاندی یاوەری کرد.
(فازڵ میرانی) لە دیدارەکەدا ڕۆشنایی خستە سەر ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئاخر پێشهاتەکان و ڕایگەیاند کە پارتیی بە هەموو توانایەکەوە ئەزموون و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی پاراستووە و دەیپارێزێ و هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی نالەباردا تێدەپەڕێ.
(میرانی) باسی لەوەش کرد کە لە بابەت شەڕی دژی تیرۆریستان و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا و دەستتێوهردانی دەرەکی بۆ نێوکاروباری عێراق و هەرێم کوردستان وا پێویست دەکات کە گشت لایەنەکان یەکڕیزی قووڵتر بکەنەوە و دەستکەوتەکان بپارێزن.
هەروەها (فازڵ میرانی) ڕایگەیاند کە ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕووی دا هەڵەیەک بوو بە هەموو لایەکەوە لە هیچ شوێنێکی جیهان نەبووە کە دیپلۆماتێکی بیانی بانگ بکرێت بۆ دانیشتنی پەرلەمان لە دانیشتنێکی یاساییدا، دەکرێ لە سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم یان کابینەی تازە ئەمە بکرێت، بۆیە ئەمەی دوێنێ لە پەرلەمان ڕووی دا نەخویندنەوەی دروست بوو بۆ سیاسەتی هەرێم.
(فازڵ میرانی) دووپاتیشی کردەوە کە پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە و گەورەترین هێزە لەنێو پەرلەمان و پۆستەکانی بە یەکسانی لەگەڵ لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتدا بەش کردووە؛ ئەگەرچی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو پارتی براوەی یەکەم بوو، بەڵام پارتی باوەڕی بە دیالۆگە و، یەکڕیزیی گەلی کوردستانی لەلا گرینگترە لە پۆست لێرەولەوێ.
لای خۆیشیەوە کۆنسووڵی بەریتانیا سوپاسی سکرتێری مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و سوپاسی گەلی کوردستانی کرد لە خۆڕاگرییان لە بەرانبەر ئەو قەیرانە داراییانەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و هەروەک دەستخۆشیشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و هیوای خواست هەرێمی کوردستان زووتر لەو قەیرانانە ڕزگاری ببێ.
