سەرۆكی هەرێمی كوردستانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد
لە دیدارەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستان و ئازادكردنی شاری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخی نالەباری ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار.
هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە ئەمەریكا ڕوانگەیەكی تەواو یەكگرتوو هەیە لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و هەروەها ئەوەیشیان دووپات كردەوە كە هاوكارییەكانی سوپای ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی فراوانتر دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سووریا و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە سووریا تاوتوێ كرا.
