فەخرەدین قادر: لایەنەکان دەتوانن بارزانی بکەنەوە سەرۆک

فەخرەدین قادر: لایەنەکان دەتوانن بارزانی بکەنەوە سەرۆک
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان, دەتوانن پێشنیازی ئەوەبکەن بارزانی بکرێتەوە بەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان, بەڵام دەبێ لەکاتی ئەو پێشنیازەدا سازانێکی تێروتەسەلی بۆئامادە بکرێت.

فەخرەدین قادر, سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: پەرلەمانی کوردستان کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم دیاری ناکات، بەڵکو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کاندید بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکەن، ئەوکاتە ئێمەش بەپێی ڕێکارە یاساییەکان ئەو پرسە یەکلادەکەینەوە“.

فەخرەدین قادر لەبارەی پڕۆژە یاسایە پێشکەشکراوەکان لەلایەن گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی گوتی، کۆمەڵێک ماددەیان تێدایە لەکاتی خۆیدا لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆی لەسەر دەکەن, لەناو پڕۆژەکاندا پێشنیاری فەراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەھەند وەردەگیرێت, دەتوانن تاوەکو ھەڵبژاردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان, پەرلەمانتاران لەناو پەرلەماندا بە کۆی دەنگ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیاری بکەن“.

دەربارەی ئەوەی تاچەند لایەنە سیاسییەکان دەتوانن پێشنیازی ئەوە بکەن، کە جارێکی دیکە مەسعود بارزانی بکرێتەوە بەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان, سکرتێری پەڕلەمانی کوردستان, گوتی:” یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە لەناو پڕۆژەکاندا ھەیە، بەڵام دەبێ لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان سازانی لەسەر بکەن, بۆئەوەی ھەموویان ھاوھەڵوێست بن ئەوکاتە دەگەینە دەرەنجامی یەکلاکەرەوە، بۆیە بەباشی دەزانم ئەو پرسە بەجێبھێڵین بۆ پڕۆژەکان، ئێمە خۆمان دەزگایەکمان کردووەتەوە بۆ پرسی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم“.

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێیوابوو هەڵبژاردنەوەی بارزانی پێویستی بە سازانی لایەنە سیاسییەکان هەیە و ”خودی خۆم جارێ نازانم دەرەنجامەکانی بەکوێ دەگات چونکە ئەوە پرسێکی ئایندەیە“.

فەخرەدین قادر, ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو پڕۆژە یاسایانەی بۆ ھەمووارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم پێشکەشی پەرلەمان کراون، ”موزایەدەی سیاسی نەبوون، بەڵکو کۆبونەوەیەکی ئاسایی بووە بۆ پێشکەشکردنی شێوازو ڕێگای پڕۆژەیاساکانی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان“.

با ئاماژەدان بەوەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم پرسێکی هەستیارە دەبێ هەموو لایەنەکان پکەوە هاوکاری بکەن، فەخرەدین قادر گوتی، ”بەڵام کاتێک فراکسیۆنی پارتی پڕۆژە یاسا پێشکەش ناکەن، لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆخۆیان پڕۆژەیان ھەیە و پێشکەشی دەکەن“.






















باسنیوز
Top