سیناتۆرێکی دیموکراتەکان: کورد لە هەرێمی کوردستان گەورەترین و بە متمانەترین هاوپەیمانی ئەمریکان

 سیناتۆرێکی دیموکراتەکان:  کورد لە هەرێمی کوردستان گەورەترین و بە متمانەترین هاوپەیمانی ئەمریکان
سیناتۆرێکی دیموکراتەکان لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت:" دابەشبوونی عێراق بۆ سێ هەرێم تاکە ئەڵتەرناتیڤی واقیعیە لە عێراق".

تیم کەین، سیناتۆری کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر لیستی دیموکراتەکان، بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە:زۆرینەی لایەنەکان پاڵپشتی لەدابەشبوونی عێراق دەکەن و جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکاش لەمێژە ئەو پێشنیازەی کردووە .

ئەو دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی ئێمە وەک دیموکراتەکان هەندێک نیگەرانین لە دابەشبوونی عێراق، بەڵام لە کۆتاییدا دابەشبوونی عێراق تاکە بەدیلی راستەقینەیە بۆ دەربازبوون لە کێشەکان .

کەین یەکێکە لەو سیناتۆرانەی پێشتر زۆر جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت رێگا چارەی دیکە بۆ شەڕی داعش لە عێراق دابنرێت، بەڵام ئێستا گەییشتوەتە ئەو باوەڕەی:" چیدیکە ناتوانرێت عێراق لە چوارچێوەی حکومەتێکی یەکگرتوو کۆبکرێتەوە، بۆیە دوا ئەگەر دابەشبوونیەتی."

لەبارەی کوردیش، ئەو سیناتۆرە دەڵێت: کورد لە هەرێمی کوردستان گەورەترین و بە متمانەترین هاوپەیمانی ئەمریکان، ئەمریکا لەنزیکەوە بۆ شەڕی داعش هاوئاهەنگە لەگەڵ کورد."

بە گوتەی تیم کەین :" کێشە لە هەرێمی سوننەدایە، چونکە سوننە شتێکی ئەوتۆیان لە عێراق بۆ نەماوەتەوە و دەکرێت، زۆر بەئاسانی بکەونە ژێر دەستی گرووپەکان."

بەباوەڕی ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە:" ئەگەر بکرێت باشترە لە عێراق هەر سێ لایەنی کورد و شیعە و سوننە لە چوارچێوەی حکومەتێک یەکگرتوو بن، بەڵام ئەوە تاوەکو ئێستا گونجاو نییە، لەگەڵ ئەوەش ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە هیوابڕاو نیە."





















رووداو
Top