پاک: پەرلەمانی کوردستان هەستی کوردانی ڕۆژهەڵاتی بریندار کرد
دەقی لێدوانەکەی پاک:
ئەمڕۆ لە کاتێکدا پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، بۆ بڕیاردان لەسەر چەند بابەتێکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان، کۆ بووەتەوە، بە ناباوەڕییەوە شاھیدی ئامادەبوونی بێپاساوی کونسووڵی ئێران لەو کۆبوونەوەیەداین. ئەمڕۆ کونسووڵی دەوڵەتێک پێی خستووەتە پەرلەمانی کوردستان کە لە لایەک ڕۆژانە خوێنی ڕۆڵەی کورد لەو دیو سنوورەکانەوە دەڕێژێ و لە لایەکی دیکەوە بەشی شێری لە دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندیی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پیلانگێڕی لە دژی ئەم ھەرێمی کوردستانە و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی بەرکەوتووە.
ئەگەر پێوەندیی حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک دەزگای جێبەجێکردن، لەگەڵ ئێران یان ھەر دەوڵەتێکی دیکە، بە ئاسایی دابندرێ، بەڵام ڕکێشکردنی کونسووڵی ئێران بۆ کۆبوونەوەی دەزگای یاسادانانی ھەرێمی کوردستان، بەتاڵکردنی ئەو پەرلەمانە و بڕیارەکانی لە مانا و بایەخە نەتەوەییەکانە، ئازاری کوردستانییەکان دەدا و ھەستی ڕۆڵەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بریندار دەکا.
پارتیی ئازادیی کوردستان وەک پشتیوانێکی بەکردەوەی کیان و خەڵکی باشووری کوردستان کە خوێنی لە پێناو پاراستنیاندا پێشکەش کردوە، دژی ئامادەبوونی کونسووڵی ئێران بۆ کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەنگ هەڵدەبڕێ و داواکارە کە ھەرچی زووتر کونسووڵی ئێران لەو کۆبوونەوەیە وەدەر بنرێ.
وتەبێژێک لە پارتی ئازادیی کوردستان
٢ـی پووشپەڕی ٢٧١٥
