فڕاكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی و بەرەی تورکمانی: ئەوەی ئەمڕۆ كرا بەدەر بوو لە سازان

 فڕاكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی و بەرەی تورکمانی: ئەوەی ئەمڕۆ كرا بەدەر بوو لە سازان
سەرۆكی فڕاكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان كرا بەدەر بوو لە سازان، بۆیە پێویستە پەرلەمان بەرپرسیارانە مامەڵە بكات. هاوکات سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانیش دەڵێت، دەیانەوێت ئەو پرسە گرینگانە پێویستیان بە سازان هەیە.

(شوان قەڵادزەیی) لە میانەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی پەرلەمان گوتی، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەیتوانی شەش مانگ لەمەوبەر پرسێكی وا گرینگ لەگەڵ فڕاكسیۆنەكان و لایەنە سیاسییەكاندا باس بكردایە بۆ یەكلاكردنەوەی، بەڵام نەكرا و ئەمەیش نە سازانە و نە تەوافوقیشە.

ئاماژەیشی دا، "ئەم وڵاتە بە سازان بەڕێوە دەچێت، بۆیە بە ناوی سازانەوە زوڵم لە ئێمە كراوە و پێویستە پەرلەمان بەرپرسیارانە مامەڵە بكات".

هاوكات سەرۆكی فڕاكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان (ئایدن مەعرووف) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە كۆبوونەوەی پەرلەمانمان بایكۆت كرد بۆ ئەوەی نەبینە لایەنگری هیچ لایەنێك و، هیچ لایەنێكیش ناتوانێ گوشار لەسەر ئێمە دروست بكات، هەروەها دەمانەوێت ئەو كێشانە بە شێوەیەك چارە بكرێن لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا بن، كە ئەمەیش پێویستی بە سازان هەیە".

(ئایدن) گوتیشی، ئەمەی ئەمڕۆ كرا، سازان نییە و نەدەكرا بەم شێوەیە بێت، بەڵكە پێویست بوو هەموو لایەنەكان هاوكاری یەكتر بن و بە سازان ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە.
Top