فراکسیۆنی پارتی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوه
محەممەد عەلی یاسین، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند: "مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم, دەبوایە لە چوارچێوەی سازانی نیشتیمانی بێت و لەم دۆخەدا ھەر ھەنگاوێکی تاکڕەوانە، دوور لە کۆدەنگی نیشتیمانی خزمەتی ھیچ لایەنێک ناکات".
دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان..
لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی پرۆژەی یاسای ھەموارکردنەوەی سەرۆکایەی ھەرێم، بۆ ھەموو لایەکی رایدەگەیەنین، کە ئێمە پێمانوایە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم, دەبوایە لە چوارچێوەی سازانی نیشتیمانی بێت و لەم دۆخەدا ھەر ھەنگاوێکی تاکڕەوانە، دوور لە کۆدەنگی نیشتیمانی خزمەتی ھیچ لایەنێک ناکات، چونکە ئەم یاسایە ڕەھەندێکی دەستووری ھەیە و ھەموارکردنی ئەم یاسایە، بە زۆرینە و کەمینە نابێت.
ھەروەھا رایدەگەیەنین، کە ئەو لایەنە سیاسیانەی دیکەی پەڕلەمانی کوردستان، ئەوەندە خۆسەپێن مامەڵەیان کردووە، بۆیە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە ئەم یاسایە ڕەھەندێکی نیشتیمانی ھەیە و ھەوڵی ھەموارکردنەوەیشی لە کاتێکدایە کە لیژنەی دەستووری، کاروبارەکانیان بە باشی دەڕۆن، پێشکەشکردنی پرۆژەی لەم چەشنەیش، کە ئەرکی سەرەکی لیژنە دەستوورییەکەیە، بێبەھاکردنی ئەو لیژنەیەیە.
بۆیە بۆ رای گشتی چەند خاڵێک دەخەینەڕوو:
یەکەم: دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پێچەوانەی پەیڕەوی ناخۆی پەڕلەمان بوو، چونکە بە گوێرەی ماددەی (٥٤-یەکەم-٤) دەبوایە پاش ئەوەی سەرۆکایەتی کردنەوەی دانیشتنەکە رادەگەیەنێت، ناوی ئەندامە ئامادەنەبووەکان بخوێنرێتەوە و ئینجا ناوی ئەوانەی کە بەبێ پاساو ئامادە نەبوون، دواتر پوختەیەک لە کۆنووسی دانیشتنی پێشوو بخوێنرێتەوە و دوای ئەوە بچنە سەر بەنامەی کار، بەڵام لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، سەرۆکایەتیی پەڕلەمان خەرقی ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆی کرد و بەر لەو رێکارانە دەستیان بەر بەرنامەی کار کرد.
دووەم: ئەوەی جێگەی نیگەرانیمانە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بێلایەنیی خۆی لە دەستداو نەیتوانی لە ئاستی گەورەیی دامەزراوەی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکات و، کەوتە ژێر کاریگەری ئەو ململانێ حزبیەی لە پەرلەمان نەخشەی بۆ دانراوە.
سێیەم: ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا سەرەتایەکە بۆ تێکچوونی ئەو تەوافوقە سیاسییەی, کە حکومەت و پەڕلەمانی لەسەر پێکھاتووە و بەسەرەتایەکی باش نازانین و بەرپرسیارەتییەکەیشی دەخەینە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە ھۆکاری ئەم دۆخەن.
چوارەم: بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە، ئەو بابەتە سازان و تەوافوقی دەوێت و تاکە ڕێگای مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی گرینگی ئەوھا سازانی نیشتمانی و دوور لە موزایەداتی حیزبی.
پێنجەم: ئێمە ڕۆڵی ھەموو ئەو لایەنانە بەرز دەنرخێنین، کە بڕوایان بە سازانی نیشتیمانی ھەیە و ئامادە نەبوون بەشداری لەو جۆرە دانیشتنە بکەن.
شەشەم: ھەر لیرەیشەوە خەڵکی کوردستان و جەماوەری پارتی دڵنیا دەکەینەوە کە، بەبێ سازان ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت تاک لایەنە بڕیار لە سەر پرسێکی گرنگی وا بدات.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕلەمانی کوردستان
٢٣/٦/٢٠١٥
رووداو
