فراکسیۆنی پارتی: سەرۆکی پەرلەمان بێلایەنیی خۆی لە دەست دا.. بێ سازان هیچ هێزێک ناتوانێ پرسە نێشتیمانییەکان یەکلا بکاتەوە
(محەممەد عەلی) ئەم دوانیوەڕۆیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی فڕاکسیۆنەکەیانی دەربارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بە بێ بەشداریی ئەوان ڕاگەیاند و گوتی، سەرۆکی پەرلەمان بێلایەنیی خۆی لە دەست دا و کەوتە بەر نەشتەری ململانێی حیزبی.
ئەم هەوڵەی ئەمڕۆی یەکێتی و گۆڕان و چەند لایەنێکی ئیسلامی، سەرەتایەک بوو بۆ وەلانانی تەوافوقی گشتی. گوتیشی، پرسێکی نیشتیمانیی وەک پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم سازانی نیشتیمانی و دوور لە موزایەدەی پێویستە.
جەختیشی کردەوە، خەڵک و جەماوەری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ هێز و لایەنێک بێ سازان ناتوانێ پرسە نیشتیمانییەکان یەکلا بکاتەوە.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان (محەمەد عەلی یاسین) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی دووپاتی کردەوە: ئەو پڕۆژەیاسایانەی رەھەندی نیشتیمانییان ھەیە پێویستیان بە سازانی نیشتیمانی ھەیە و، بروامان وایە بەبێ سازان و ھەر ھەوڵێکی تاکرۆیانە خزمەت بە دۆخی ئێستا ناکات و، جگە لەوەش رەھەندێکی دەستووری ھەیە؛ پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم و لیژنەی دەستووری کاری خۆی دەکات و پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا بۆ ئەو پرسە کاری ئەو لیژنە بێنرخ دەکات.
دەربارەی پڕۆپاگندەیش کە باس لەوە دەکەن پارتی گرژی دەنێتەوە، (یاسین) گوتی، ئەو پەرلەمانە بە بەرھەمی خۆمان و خوێنی شەھیدانی دەزانین، بۆیە ھەر پروپاگندەیەک بڵاو بکرێتەوە کە فراکسیۆنی پارتی توندوتیژی بە کار دەھێنێت دوورە لە راستی و رەتی دەکەینەوە و، جگە لە رێکاری یاسایی ھیچ رێگای دیکە ناگرینە بەر.
ئەم بەیانییە پەرلەمانی کوردستان، بێ ئامادەبوونی فڕاکسیۆنی پارتی کە لیستی یەکەمی نێو پەرلەمانە، ویستی یەکلاکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی کوردستانی هەبوو کە پرسێکی نیشتیمانییە، بەڵام بێ ئەوەی هیچ بڕیارێک دەربکات، کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.
لە پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانیش فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بۆ رایگشتی خوێندەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەڕلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی پرۆژەی یاسای ھەموارکردنەوەی سەرۆکایەی ھەرێم، بۆ ھەموو لایەکی رایدەگەیەنین، کە ئێمە پێمانوایە مامەڵە کردن لەگەڵ پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم, دەبوایە لە چوارچێوەی سازانی نیشتیمانی بێت و لەم دۆخەدا ھەر ھەنگاوێکی تاکڕەوانە، دوور لە کۆدەنگی نیشتیمانی خزمەتی ھیچ لایەنێک ناکات، چونکە ئەم یاسایە ڕەھەندێکی دەستووری ھەیە و ھەموارکردنی ئەم یاسایە، بە زۆرینە و کەمینە نابێت.
ھەروەھا رایدەگەیەنین، کە ئەو لایەنە سیاسیانەی دیکەی پەڕلەمانی کوردستان، ئەوەندە خۆسەپێن مامەڵەیان کردووە، بۆیە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە ئەم یاسایە ڕەھەندێکی نیشتیمانی ھەیە و ھەوڵی ھەموارکردنەوەیشی لە کاتێکدایە کە لیژنەی دەستووری، کاروبارەکانیان بە باشی دەڕون، پێشکەشکردنی پرۆژەی لەم چەشنەیش، کە ئەرکی سەرەکی لیژنە دەستوورییەکەیە، بێبەھاکردنی ئەو لیژنەیەیە.
بۆیە بۆ ڕای گشتی چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو:
یەکەم: دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پێچەوانەی پەیڕەوی ناخۆی پەڕلەمان بوو، چونکە بە گوێرەی ماددەی (٥٤-یەکەم-٤) دەبوایە پاش ئەوەی سەرۆکایەتی کردنەوەی دانیشتنەکە رادەگەیەنێت، ناوی ئەندامە ئامادەنەبووەکان بخوێنرێتەوە و ئینجا ناوی ئەوانەی کە بەبێ پاساو ئامادەن ەبوون، دواتر پوختەیەک لە کۆنووسی دانیشتنی پێشوو بخوێنرێتەوە و دوای ئەوە بچنە سەر بەنامەی کار، بەلام لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، سەرۆکایەتیی پەڕلەمان خەرقی ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆی کرد و بەر لەو رێکارانە دەستیان بەر بەرنامەی کار کرد.
دووەم: ئەوەی جێگەی نیگەرانیمانە بەرێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بێلایەنیی خۆی لە دەست دا و نەیتوانی لە ئاستی گەورەیی دامەزراوەی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکات و، کەوتە ژێر کاریگەری ئەو ململانێ حزبیەی لە پەرلەمان نەخشەی بۆ دانراوە.
سێھەم: ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا سەرەتایەکە بۆ تێکچوونی ئەو تەوافوقە سیاسییەی, کە حکومەت و پەڕلەمانی لەسەر پێکھاتووە و بەسەرەتایەکی باش نازانین و بەرپرسیارەتییەکەیشی دەخەینە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە ھۆکاری ئەم دۆخەن.
چوارەم: بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە، ئەو بابەتە سازان و تەوافوقی دەوێت و تاکە ڕێگای مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی گرینگی ئەوھا سازانی نیشتمانی و دوور لە موزایەداتی حیزبی.
پێنجەم: ئێمە ڕۆڵی ھەموو ئەو لایەنانە بەرز دەنرخێنین، کە بڕوایان بە سازانی نیشتیمانی ھەیە و ئامادە نەبوون بەشداری لەو جۆرە دانیشتنە بکەن.
شەشەم: ھەر لیرەیشەوە خەڵکی کوردستان و جەماوەری پارتی دڵنیا دەکەینەوە کە، بەبێ سازان ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت تاک لایەنە بریار لە سەر پرسێکی گرنگی وا بدات.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕلەمانی کوردستان
٢٣/٦/٢٠١٥
