پارتی دیموكراتی كوردستان نەیویستووە یەکڕیزیی نیشتمانی تێکبچێت و خۆشی بە خاوەنی خەڵکی کوردستان زانیوە
وا بڕیارە رۆژی سێشەمە 23ـی حوزەیران، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسا پێشکەشکراوەکانی ھەریەک لە فراکسیۆنەکانی (گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامییەکان) بکات، کە تیایدا داوای ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بە شێوەیەک کە سەرۆکی ھەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت، نەک راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان رێبەرایەتیی پێشنیاری یەکەم دەکات و پارتییش لەگەڵ ھەڵبژاردنی سەرۆکە لەلایەن خەڵکەوە.
لەم بارەیەوە عەلی عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، حزبەکان پڕۆژە و قسەی خۆیان کردووە و لەمەودوا نۆرەی کارت و ئۆپشنەکانی حزبەکەی ئەوانە، گوتیشی: ”پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو خۆسەپاندنە قبووڵ ناکات و پشتیوان بە خەڵک و جەماوەری کوردستان، دەیان کارت و ئۆپشنی سیاسی و یاسایی بەدەستەوەیە کە بەکاریان دەھێنێ“.
عەونی، ئاماژەی بەوەش دا، پارتی بە ئەجێندایەکی سەربەخۆیانەوە کارەکانی دەکات و چیتر بە بێدەنگی نامێنێتەوە، گوتیشی: ”حزبەکان نەرم و نیانیی پارتییان قۆستووەتەوە و ئەوەی ئەمڕۆ ئەوان دەیکەن، پارتی دەیتوانی لە رابردوودا بیکات، بەڵام نەیویستووە یەکڕیزیی نیشتمانی تێکبچێت و خۆشی بە خاوەنی خەڵکی کوردستان زانیوە، ئەوەی ئێستاش دەستی پێ دەکات، ھەنگاوی یاسایین و ھەرگیز لەسەر حسابی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان نابێت، تەنیا وەڵامێک دەبێت بۆ ئەو مانۆڕانە و بە شێوەیەک لەو ھەڵوێستانەی ئێستایان پەشیمانیان دەکاتەوە.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە کارتەکانی پارتی بە شێوەیەک دەبن کە ھیچ کام لەو حزبانە، چاوەڕوانی ناکەن و ئەو لێکدانەوە سیاسی و یاساییانەیان نەکردووە، گوتیشی: ”خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو جۆرە یاریانە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە، چیتر رێی پێ نادەین و کارتی زۆر بەھێزمان بەدەستەوەیە، چونکە ئەوەی ئێستا ئەو ھێزانە دەیکەن، ھەڵەیەکی گەورەیە و مەرج نییە بابەتێک چەند ھێزێک داوایان کرد راست بێت“.
پێوەند بە پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھیوا میرزا، وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە لێدوانێکدا کە لە ل٤دا بڵاو کراوەتەوە، گوتی: «بە مەرجی ئەوەی ھەموو لایەک پێک بێن و سازانی نیشتیمانیی لەسەر بکرێت، ھەتا دەستوور پەسەند دەکرێت، ئەگەر ماوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم درێژ بکەینەوە، لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان دایە.
باسنیوز
