چەند مەلايەك بڕوانامەی ساختەیان لێ ئاشکرا دەبێ

چەند مەلايەك بڕوانامەی ساختەیان لێ ئاشکرا دەبێ
لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەی مامۆستایانی ئایینی و کارمەندانی وەزارەتی ئەوقاف دەست پێ دەکات و بڕوانامەی ساختەی چەند کەسێک ئاشکرا دەکرێن. وەزیری ئەوقاف ڕای دەگەیەنێت، لەو پرۆسەیەدا چاوپۆشی لە ھیچ کەسێک ناکەن و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

کەمال موسلیم، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە بڕوانامەی مامۆستایانی ئایینی و کارمەندانی وەزارەتی ئەوقاف و گوتی: “لە ھەر شوێنێک و فەرمانگەیەک گومانمان ھەبێت، یان زانیاریمان پێ بدرێت، لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستیی بڕوانامەی مامۆستایانی ئایینی و کارمەندانی ئەوقاف دەکەین”.

ڕوونیشی کردەوە کە بڕوانامەی ساختەی ھەندێک مامۆستای ئایینی و کارمەندانی وەزارەتی ئەوقاف ئاشکرا بووونە، گوتیشی: “ھەر کات تەواو بووین، وردەکاریی ئەو پرۆسەیە ڕاناگەیەنین، بەڵام بڕوانامەی ساختەمان ئاشکرا کردووە.

کەمال موسلیم ئەوەی خستە ڕوو، کە ئەو مامۆستا ئایینی و کارمەندانانەی لە وڵاتانی تر بڕوانامەیان بەدەست ھێناوە، بڕوانامەکەیان دەنێردرێتە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وردبینی و پشتڕاستکردنەوەیان.
بەپێی دوایین ئامار، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ١٥ ھەزار و ٣٠١ فەرمانبەر و مامۆستای ئایینی و خزمەتگوزاری ھەیە.

وەزیری ئەوقاف جەختی کردەوە: “مامۆستای ئایینی بێت، یان ھەر کەسێک بڕوانامەی ساختەی ھەبێت، چاوپۆشیی لێ ناکرێت و بە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەرچی حاڵەتەکە کەمە، بەڵام شتێکی نەشیاوە، مامۆستای ئایینی بیت و بڕوانامەی ساختەت ھەبێت”.

بەپێی یاسای سزاکانی عێراقی، ھەر کەسێک تۆمەتی بڕوانامەی ساختەی بەسەردا ساخ بێتەوە، زیندانی و غەرامەش دەکرێت.
مەلا ئەمیر گۆران، مامۆستای ئایینی لە شاری ھەولێر ڕاگەیاند: ساختەکاری ئەگەر بۆ کەسی ئاسایی جارێک ناشیرین بێت، ئەوا بۆ مامۆستایانی ئایینی شەرمەزاریی دونیا و قیامەتە”.

چاودێریی دارایی، وردبینی لە دۆسیەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقافدا دەکا، لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی، نزیکەی ٢٠ بڕوانامەی ساختە ئاشکرا کراون و لە ئەوقافی ھەولێر و دھۆکیش لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەکان دەستی پێ کردووە.

ھەر بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لەو کارمەندانەی ئەوقاف کە بڕوانامەی ساختەیان لێ ئاشکرا بووە، بڕوانامەکانیان ئامادەیی بووە، بەڵام خۆیان تەنھا بڕوانامەی سەرەتاییان ھەیە.






















باسنیوز
Top