سەرکردەیەکی یەکگرتوو: بارزانی ڕەمزی میللەتی کوردە
عوسمان کاروانی، بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: پرسی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم پرسێکی ئاڵۆزو چروپڕەو پێویستیی بە ھەماھەنگی و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە بۆیە ئێمەش وەکو یەکگرتووی ئیسلامی، بەھاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی, بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە چارەنووسسازە پڕۆژەیەکمان داوەتە پەڕلەمانی کوردستان. گوتیشی: لە تەوەرێکی پڕۆژەکەدا ئاماژەمان بەوەکردووە، کە ھەرێمی کوردستان, ڕووبەڕوی چەندین قەیرانی ناھەموار بووەتەوە پێویستە تەواوی ئەو قەیرانانە چارەسەربکرێن, چونکە خەڵکی کوردستان, ئیدی تەحامولی ھیچ قەیرانێکی دیکە ناکات.
عوسمان کاروانی ئاماژەی بەوەشکرد:” یەکگرتووی ئیسلامی, کاتێک پڕۆژە یاسایەکی پێشکەشی پەڕلەمانی کوردستان کردووە, مانای ئەوە ناگەیەنێت, یەکگرتوو, کێشەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی جەنابی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەیە بەپێچەوانەوە ئێمە ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ پارتی نەبووەو نابێ بەڵکو داواکاری ئێمە تەنھا ئەوەیە سیستەمی بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان, سیستەمی پەڕلەمانی بێت.
بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکگرتوو باسی لەوەکرد، کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان, وەڵامی ھاونیشتمانییانی داوەتەوە، کە ناتوانن پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێم ئەنجامبدەن, ”ئێستاش لەنێوان پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنی ستراتیژی ھەیە بەو مانایەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق, لە بری پۆستی سەرۆکی ھەرێم دانراوە, پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئاقاری ئەم ڕێکەوتننامەیە بەرەو ھەڵوەشاندنەوە دەڕوات, یان وەکوخۆی دەمێنێتەوە, ئێمە پێمان وایە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی یەکێتی, تەواوی گرفتەکان. چارەسەردەکات“.
کاروانی لەبارەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گوتی: خودی خۆم نامەوێ باسی بەدیلی بارزانی بکەم، بەڵام مەسعود بارزانی, ڕەمزی میللەتی کوردە ئەو پێگەیەکی بەھێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەیە و ھەرکەسێکی ئەم وڵاتە بکرێتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان, ئێمە بەسەرۆکی خۆمانی دەزانین وپێشوازی گەرمی لێ دەکەین“.
باسنيوز
